هیوا ئەحمەد مستەفا: داواى پڕچەککردنى هێزى پێشمەرگە دەکەین
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، وەکو پارتى دیموکراتى کوردستان داواى پڕچەککردنى هێزەکانى پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەوەى پارێزگاریى لە هەموو عێراق بکەن نەک تەنیا هەرێمى کوردستان.
بە گوێرەی دەستوور هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی هەیە
هیوا ئەحمەد مستەفا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک سەبارەت بە پڕۆسەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت کە حکومەتى عێراق دەستى پێکردووە و ئایا ئەو پڕۆسەیە هێزەکانى پێشمەرگەش دەگرێتەوە، ئاماژەى بەوە کرد، لە دەستووردا هەرێمى کوردستان هێزێکى تایبەت بە خۆى هەیە کە ئەویش هێزى پیشمەرگەیە.
ئامادەکردنی پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە عێراق
گوتیشى، پێشمەرگە هێزێکى دەستوورییە و دەکرێت چاکتر ڕێکبخرێت و پشتیوانیى بکرێت و ئێمە داواى پڕچەککردن و ئامادەکردنى پێشمەرگە دەکەین بۆ ئەوەى پارێزگاریى لە هەموو عێراق بکات نەک تەنیا هەرێمى کوردستان.
لە بارەی سەردانەکەی تۆم باراکەوە
لەبارەى سەردانەکەى تۆم باراک بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان گوتى، نازانم بەرنامەى سەردانەکەى تۆم باراک بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان چییە، بەڵام وەکو کورد دەبێت پێداگربین لەسەر جێبەجێکردنى هەموو ماددە دەستوورییەکان.
گوتیشى، کورد هیچى لەوە زیاتر ناوێت کە لە دەستووردا هاتووە و هاوسەنگى و تەوافوق و هاوبەشى ڕاستەقینەمان دەوێت لە حوکمڕانیدا و هیچى زیاترمان ناوێت.
15/06/2026