لە تورکیا لێدان لە خوێندکاری کۆرسێکی فێربوونی قورئان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە
بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە خوێندکارێکی مێردمنداڵی کۆرسێکی فێربوونی قورئان لە پارێزگای قۆنیا، کاردانەوەی بەرفراوان و لێکۆڵینەوەی لێدەکەوێتەوە.
لە بەشە ناوخۆییەکی کوڕان
ڕووداوەکە لە بەشە ناوخۆییەکی کوڕان و خولی پێگەیاندنی قورئان لە شارۆچکەی بۆزکری سەربە پارێزگای قۆنیا لە تورکیا ڕوویداوە.
لێدان و توندوتیژی مامۆستایەکی بەرامبەر کوڕە خوێندکارێک
لە دیمەنەکانی کامێرای چاودێرییەوە کاتی لێدان بە شەق و زلە و بەکارهێنانی توندوتیژیی بێبەزەییانەی یەکێک لە مامۆستاکان دژی کوڕە خوێندکارێکی مێردمنداڵ نیشاندەدات.
باس لەوە دەکرێت، ڕووداوەکە کە بەمدواییانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە تورکیا تەنیوە، لە تشرینی یەکەمی 2025دا ڕوویداوە.
گرتنەبەری ڕێوشوێنی کارگێڕی و ئەمنی
دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرپرسان دەستیان بە لێپرسینەوە کرد.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی کارگێڕیدا، کارمەندی بەشە ناوخۆییەکە لە کارەکەی دوورخرایەوە و دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و بەندکرا.
15/06/2026