عیزەت سابیر: هەناردەکردنى نەوت سوودى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان هەیە
عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوت بۆ کاروبارى گازى سرووشتى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند ،" هەناردەکردنى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان سوودى بۆعێراق و کۆمپانیاکانى نەوت و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش هەیە".
بەغداد پابەندە بە ناردنی مووچە
ڕاشیگەیاند"، هەرێمى کوردستان نەوتى خاو هەناردە بکات یاخود نا، بەغداد پابەندە بە ناردنى مووچەى مانگانە، بەڵام لە نەناردنى نەوت عێراق و هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاکانیش تووشى زیان دەبنەوە".
بڕی هەناردە و داهات
باسى لەوەشکرد، هەرێمى کوردستان کە لەڕێگەى سۆمۆ نەوت هەناردە دەکات مانگانە 500 ملیار دینار داهات بۆ عێراق زیاد دەکات و کۆمپانیا نەوتییەکانیش بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار وەردەگرن، هەرێمى کوردستانیش دەتوانێت داواى ئەوە بکات نەک تەنیا مووچە، بەڵکو بودجەى وەبەرهێنان و پشکى بودجەى بۆ ڕەوانە بکرێت".
نەنانردنی نەوتی خاوی هەرێم زیانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئەوەشى ڕوونکردەوە، نەناردنى نەوتى خاوى هەرێمى کوردستان زیانەکەى بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە کۆمپانیا نەوتییەکان لەوانەیە داواى قەرەبووى لێ بکەن چونکە گرێبەستیان بۆ بەرهەمهێنانى نەوت هەیە، گوتیشى" ئەو دۆخە ئەمنییەى دروست بووە کە لەدەرەوەى دەسەڵاتى هەرێمى کورستان و عێراق بووە ، لە ئێستادا پێویستە هەرێمى کوردستان هاوکاربێت و بەرپرسیارێتى عێراقیش ئەوەیە کێڵگە نەوتییەکان بپارێزێت.
15/06/2026