زانیاریی کەناڵ:8 بەم نزیکانە شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد دەکات
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، بڕیارە لە داهاتوویەکى نزیکدا شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات و لەبارەى داهاتى نانەوتیی خەرجییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاپۆرتێکى کوردییان بۆ بەغداد ئامادە کردووە تاوەکو پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنەدا بکرێت کە لە تەمموزى ساڵى ڕابردوو بۆ ڕادەستکردنى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی کرا.
پێکهاتەی شاندەکەی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، ئەندامانى شاندەکە پێکهاتوون لە ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیران و عەبدولکەریم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ئاوات جەناب، وەزیرى دارایی و ئابووریشى تیادایە.
ئامادەکردنی ڕاپۆرتی وردی خەرجی و داهات
بەگوێرەى زانیارییەکانى بەرپرسەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ڕاپۆرتێکى ورد ئامادە کراوە لەبارەى خەرجیی و داهاتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانى بەغداد گفتوگۆى دەکەن.
داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان
بەرپرسەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کەناڵ8ـى گوت، مانگى تەمموزى ساڵى ڕابردوو کە ڕێککەوتن کرا لەبارەى ڕەوانەکردنى 120 ملیار دینارى داهاتى نانەوتیی مانگانە، ئەوکات داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستان 320 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا داهاتى نانەوتیی نزیکەى 70% کەمیکردووە و مانگى ئایار 86 ملیار دینار بووە، بەمەش ناتوانرێت 120 ملیار بدرێت بە بەغداد.
گوتیشى، سەردانى ئەمجارەى شاندەکە بۆ لاى عەلى زەیدى سەرۆکوەزیرانى عێراق نابێت، بەڵکو لەگەڵ وەزیرى دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە گفتوگۆ دەکرێت.
ڕاسپاردەی عەلی زەیدی بۆ شاندی هەرێمی کوردستان
باسى لەوەشکرد، پێشتر عەلى زەیدى بە شاندى هەرێمى کوردستانی گوتووە، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى بەغداد بکەن لەهەر خاڵێکدا بۆچوونى جیاواز هەبوو بیکەنە ڕاپۆرتێک و لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى لەسەر دەدرێت.
هەموارکردنی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغداد لە دەستی سەرۆکوەزیراندایە
هەروەها گوتیشى" فالح سارى، وەزیرى دارایی عێراق ڕژدە لەسەر ئەوەى ئەو ڕێککەوتنەى پێشتر لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە وەک خۆى جێبەجێ بکرێت و بە شاندى هەرێمى کوردستانى گوتووە، دەبێت سەرۆکوەزیران ئەو ڕێککەوتنە هەمواربکاتەوە، ئەوکات هەر بڕیارێک بدرێت پێوەى پابەند دەبێت".
خراپی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان
بەرپرسەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لەوەکردەوە، بەم دۆخەى ئێستاوە حکومەتى هەرێمى کوردستان کورتهێنانى دارایی هەیە و پاش سێ هەفتە لە دابەشکردنى مووچەى مانگى ئایار، نەتوانراوە مووچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەست بدرێت، کە 51 هەزار مووچەخۆرن و پێویستیان بە 43 ملیار لە لە داهاتى نانەوتیی هەیە.
چارەسەرەکان بۆ مووچە و کورتهێنانی تەموویلی مووچە
ئەوەشى دووپاتکردەوە، چارەسەرى بنەڕەتى ئەوەیە کە ئەو مووچەخۆرانە عێراق تەمویلى مووچەیان بۆ دابین بکات، چونکە بەم شێوەیەى ئێستا بەغداد 120 ملیار دینار لە تەمویلى مووچە مەقاسە بکات، کورتهێنانى دارایی حکومەت گەورەتر دەبێت.
گوتیشى، چارەسەرێکى دیکەى گرنگ ئەوەیە ڕێکخستنەوەى تەواو بۆ کۆکردنەوەى داهاتى نانەوتیی بکرێت، کە لە هەفتەى داهاتوو لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران کۆمەڵێک بڕیار لەبارەى ڕێکخستنەوەى داهاتى نانەوتیی دەدات.
پێشنیازێک بۆ زیاکردنی داهات
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى کەناڵ8، پێشنیاز کراوە داشکاندن بۆ پارەى کارەبا و پێبژاردنى هاتوچۆ و ئاو، هەروەها وەرگرتنى قەرزى کۆن بکرێت و ڕێژەیەک داشکاندن دابنرێت کە هاندەربێت هاونیشتمانییان قەرزەکان بگەڕێننەوە بۆ حکومەت، کە بەگوێرەى داتاکانى وەزارەتى کارەبا، هاوبەشانى کارەبا زیاتر لە یەک ترلیۆن و 250 ملیار دینار پارەى قەرزیان لایە.
بەرپرسەکەى حکومەت ئەوەشى دووپاتکردەوە، مانگانە لە خەرجییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان نزیکەى، 60 ملیار دیناری بۆ دانە غاز دابین دەکرێت بۆ گەیاندنى گازى سروشتى بۆ وێستگە گازییەکان، ئەمە جگە لە 43 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتیی بۆ مووچەى مووچەخۆرانى گرێبەست، هەروەها خەرجییە بەردەوامەکانى دیکەى حکومەت کە زیاتر لە 150 ملیار دینارى مانگانە دەکات، ئەمانەش بارگرانى داراییان بۆ حکومەت دروست کردووە و دەبێت حکومەت کار لەسەر کەمکردنەوەیان بکات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا