لە چوار مانگی یەکەمدا عێراق 6.6 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە
لە چوار مانگی یەکەمدا عێراق 6.6 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە و نزیکەى سەدا سەدى خەرجییەکانیش بۆ بەکاربردن بوون و لەو ماوەیەشدا زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان نێردراوە.
کۆی گشتی داهات
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی عێراق، کۆی گشتی داهات گەیشتووەتە 31 تریلیۆن و 163 ملیار دینار، لەم بڕە داهاتی نەوت 26 تریلیۆن و 121 ملیار دینار بووە، کە 84%ـی کۆی داهات پێکدەهێنێت، هاوکات داهاتی نانەوتی 16%ـی داهاتەکانی پێکدەهێنێت و بڕەکەی پێنج تریلیۆن و 41 ملیار دینار بووە.
کۆی گشتی خەرجییەکان
کۆی گشتیی خەرجییەکانی عێراق لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 37 تریلیۆن و 835 ملیار دینار بووە، کە 99.62%ـى ئەم بڕە بۆ خەرجی بەکاربردن بووە و تەنیا 0.38%ـى بودجە بۆ کەرتی وەبەرهێنان دابین کراوە.
بڕی کورتهێنانی چوار مانگی ڕابردوو
پاش بەراوردکردنی داهات و خەرجی، دەرکەوتووە کە بڕی شەش تریلیۆن و 672 ملیار دینار کورتهێنانی دارایی هەبووە، کە بە ڕێژەی 17.6%ـى کۆی خەرجییەکانى دەکات.
بڕی تەموویلی مووچەی هەرێمی کوردستان
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە چوار مانگى یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی فیدراڵ بڕی چوار تریلیۆن و 171 ملیار دیناری بۆ تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کردووە.
وەزارەتی دارایی زۆرترین خەرجی هەبووە
زۆرترین خەرجیی وەزارەتەکان بەر وەزارەتی دارایی کەوتووە کە بڕەکەی نۆ تریلیۆن و 232 ملیار دینار بووە، دوای ئەویش وەزارەتی ناوخۆ بە چوار تریلیۆن و 450 ملیار دینار و وەزارەتی پەروەردە بە سێ تریلیۆن و 687 ملیار دینار دێن.
خەرجی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە
هاوکات، خەرجیی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق تێیدا ڕوونکراوەتەوە، بەشێوەیەک ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دوو ترلیۆن و 623 ملیار دینارو ئەنجوومەنى نوێنەران 198 ملیار دینارو سەرۆکایەتیی کۆمار 15 ملیار دینارى خەرجکردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا