باسم قاسم وەڵامی یانەی هەولێر دەداتەوە

هەرێز جەمال 4 کاتژمێر پێش ئێستا

باسم قاسم دەڵێت: "تەواوی ڕاگەیەندراوەکەی یانەی هەولێر ڕەتدەکەمەوە و ئامادەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرجەم ڕاستییەکان ئاشکرا بکەم".

دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی زەوڕاوە وەک ڕاهێنەر، یانەی هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەسەر باسم قاسمی ڕاهێنەری پێشووی یانەکەیان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو: "یانەی هەولێر ئامادە بوو تەواوی داواکارییە دارایی و کارگێڕییەکانی ڕاهێنەر جێبەجێ بکات بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام لە کاتێکدا کە یانەی هەولێر چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاپتن باسم بوو بۆ شاری هەولێر بەمەبەستی واژۆکردنی فەرمیی گرێبەستەکە، ناوبراو بڕیاریدا گرێبەست لەگەڵ یانەی زەوڕا واژۆ بکات".

تەواوى وەڵامەکەى باسم قاسم بۆ یانەى هەولێر

"…درۆکردن بە مەبەستی ناوزڕاندنی کەسێک کە خزمەتی کردوون، لەبری ئەوەی سوپاسگوزار و پێزانینتان هەبێت بۆی، کاریگەریی کەمترە و زۆر خراپترە لەوەی کە درۆ لەگەڵ هاندەرانتان و مێژووی هەولێردا بکەن.

بەداخەوە، و زۆر نیگەرانم کە بەم زمانە قسە دەکەم، بەڵام ناچارم بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان بۆ هاندەرانی ئازیزی هەولێر؛ تەواوی ئەو زانیارییانەی لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کارگێڕی ئێستای یانەکەدا هاتوون، درۆن لە درۆ بەولاوە؛ تەنانەت تا ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە و دووشەممەش، کاپتن باسم چاوەڕێی وەڵام بوو، بەڵام هیچ وەڵامێکی وەرنەگرت، ئەمەش بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە کێشەکانی خۆیانەوە کە لای سەرجەم هاندەران ئاشکران. ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردین و تەنها بەڵێنی بێبنەما بوون وەک بەڵێنەکانی پێشوویان، باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەوان تاوەکو ئەم چرکەساتەش توانای دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی تەواوی ستافی ڕاهێنەران و یاریزانانیان نییە، ئیتر چۆن دەستەیەک کە توانای دانی شایستە داراییەکانی وەرزی ڕابردووی نەبێت، دەتوانێت بەڵێن و گرەنتی بدات وەک خۆیان لەم ڕاگەیەندراوەدا بانگەشەی بۆ دەکەن؟ هاندەرانی هەولێریش باش ئەم ڕاستییە دەزانن.

لە کۆتاییدا، لەبەر ڕێز و پێزانینم بۆ هاندەران و مێژووی هەولێر، وە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە من لەوان ئەمینتر و دڵسۆزترم، ئامادەیی تەواوم تێدایە و داوا لە سەرجەم کەناڵە کوردییەکان دەکەم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گشتی ساز بکەن و داوەتی کاپتن باسم قاسم بکەن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، بەتایبەتی ئەو کەسەی کە ئەم ڕاگەیەندراوە درۆینەیەی داڕشتووە. من ناچار نیم وەڵام بدەمەوە، بەڵام لەبەر ڕێزی هاندەران و مێژووی هەولێر، ئامادەم بێمە هەولێر و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا ببەستم؛ با سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و داڕێژەری ئەم ڕاگەیەندراوە درۆینەیەش ئامادە بن، من ئامادەم وەڵامی بانگهێشتی میدیاکان بدەمەوە بەو مەرجەی کۆنگرەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێردا بێت".

ڕاهێنەر / باسم قاسم

هەرێز جەمال

4 کاتژمێر پێش ئێستا