لە بەغداوە بۆ هەولێر؛ تۆم باراک کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم دەهێنێت؟
دوای ڕێککەوتنی واشنتن و تاران، تۆم باراک بە چەند دۆسیەیەکی هەستیارەوە گەیشتە عێراق؛ لە چەکدانانی گرووپەکانەوە تاوەکو چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغداد لە جانتای نێردەکەی ترەمپدایە.
دەستپێکی دیدارەکان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە بەغداد لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەنجامدا. باراک لەم دیدارەدا ستایشی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی کرد لە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و ڕۆڵیان لە پێکهێنانی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن لە وڵاتدا.
پرسی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان
یەکێک لە دۆسیە هەرە لە پێشینەکانی نێردەکەی ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، پرسی چەکدانانی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە. ئەم دۆسیەیە لای ئیدارەی نوێی ئەمریکا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و باراک دەیەوێت لەم سەردانەدا هەنگاوی کردەیی بۆ تاوتوێ بکات. هاوکات، ئەمریکا جەخت لە سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنیی عێراق دەکاتەوە و دەیەوێت بڕیارە سەربازی و ئەمنییەکان دوور بن لە هەژموونی ئێران.
پشتگیری بۆ حکومەتی زەیدی و تەواوکردنی کابینە
تۆم باراک لە دیدارەکانیدا پشتیوانی دۆناڵد ترەمپی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دووپات کردەوە. لە هەمان کاتدا، جەختی لە پێویستی پەلەکردن لە دەنگدان بەو وەزارەتانە کردەوە کە تاوەکو ئێستا بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن. باراک داوای گرەنتی کردووە کە گرووپە چەکدارەکان بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە کابینەکەی زەیدیدا نەکەن.
ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی واشنتن
تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەی باراک، ئامادەکارییە بۆ سەردانی فەرمیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن. بڕیارە ئەم سەردانە لە نیوەی دووەمی مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت و تێیدا پەرە بە پەیوەندییەکانی هەردوولا بدرێت.
هاوبەشی ئابووری و کەرتی وزە
نێردەکەی ئەمریکا دۆسیەی هاوبەشی ئابووری و وزەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد تاوتوێ کرد. واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نوێ و هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لە عێراق، دیپلۆماسییەتی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا چالاک بکات.
ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداد
باراک لە بەغداد جەختی لە پرسی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە. ئەمریکا دەیەوێت سەقامگیریی ناوخۆیی عێراق بپارێزێت و ڕێگری بکات لەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆ ببنە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی وڵاتەکە.
سەردان بۆ هەرێمی کوردستان و چەقبەستوویی سیاسی
بڕیارە تۆم باراک سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی کۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، باراک لە هەولێر هەوڵی نزیککردنەوەی زیاتری نێوان هەرێم و بەغداد دەدات. هەروەها دۆسیەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکانی دەبێت لەگەڵ لایەنە کوردییەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا