زێلێنسکی: لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی کۆبوونەوەم لەگەڵ پووتن لە ئەمریکا کردووە
سەرۆکی ئۆکرانیا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕ دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ سەرۆکانی ئەمریکا و فەڕەنسا پڕۆژەی کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتن تاوتوێ کردووە.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە پەراوێزی G7
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا لە پەراوێزی لوتکەی وڵاتانی G7 تاوتوێ کردووە. زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە پێشنیازیان بۆ پووتن کردووە لە هەر شوێنێک کە بڕیاری ڕاستەقینەی لێ بدرێت کۆببنەوە، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا تاوەکو ئێستا ئامادەیی نیشان نەداوە.
کۆبوونەوە لە ئەمریکا بە سەرپەرشتی ترەمپ
سەرۆکی ئۆکرانیا لە وتارێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆنفرانسی یەکێتیی ئەورووپا ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە لە ناو خاکی ئەمریکا کردووە. زێلێنسکی پێی وایە ڕێکخستنی دیدارەکە لە ئەمریکا و لەبەردەم سەرۆک ترەمپدا، وا دەکات بۆ پووتن زۆر قورستر بێت کە ڕەتی بکاتەوە و ناچار دەبێت بێتە سەر مێزی گفتوگۆ.
گوشاری زیاتر بۆ سەر مۆسکۆ
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەوان دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام ئەگەر ڕووسیا ئەم دەرفەتە دیپلۆماسییانەش ڕەت بکاتەوە، ئەوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بە بەکارهێنانی گوشاری زۆر زیاتر دەبێت بۆ سەر مۆسکۆ تاوەکو ناچار بە پاشەکشە و ئاشتی بکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا