ناکۆکی لە ئیدارەی ترەمپ؛ بەڕێوەبەری CIA گومانی لە جددییەتی ئێران هەیە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕووی پێشەوەی بالەخانەی کۆشکی سپیی ئەمریکا
ڕووی پێشەوەی بالەخانەی کۆشکی سپیی ئەمریکا

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران بەرپرسانی کۆشکی سپی دەکاتە دوو بەرەوە؛ هەواڵگری ئەمریکا هۆشداری دەدات و وەزیری دەرەوە و بەرگریش تێبینییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەیە.

دابەشبوونی ئیدارەی ترەمپ لەسەر دۆسیەی ئێران

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، کە لە نێو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا دەربارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران ناکۆکی دروستبووە. لە کاتێکدا جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) گومانی جددی لای ترەمپ و بەرپرسانی باڵا دەربڕیوە لەبارەی ئامادەیی تاران بۆ پێشکەشکردنی سازشی ئەتۆمی. ڕاتکلیف ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییە هەواڵگرییەکان نیشانی دەدەن جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی بەرپرسانی ئێران لە ناوخۆدا دەیڵێن لەگەڵ ئەو پەیامانەی دەیدەنە نێوەندگیرەکان.

بەرەی نەیار و لایەنگری ڕێککەوتنەکە

لە نێو ئیدارەی نوێی ئەمریکادا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری تێبینییان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەیە و بە گومانەوە سەیری هەنگاوەکانی تاران دەکەن. لە بەرامبەردا، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، زاوای ترەمپ، پشتیوانی لە بەردەوامبوونی پڕۆسەی دیپلۆماسی دەکەن و بە پێویستی دەزانن گفتوگۆکان بگاتە ئەنجام.

مەرجە سەرەکییەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن

یاداشتنامەکە پشت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی وردتر دەبەستێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا. بەپێی بەندەکان، ئێران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ماوەی دانوستاندا. لە بەرامبەردا ئەمریکا سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیادە لە ناوچەکە بڵاو ناکاتەوە. سەبارەت بە گەرووی هوورمز، بڕیارە بە شێوەیەکی پلەبەندی بکرێتەوە و ئێران بۆ 60 ڕۆژ ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بدات بەبێ باج، ئەمریکاش لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر تاران لادەبات.

کۆبوونەوەی هەینی و ڕۆڵی نێوەندگیرەکان

بڕیارە ڕۆژی هەینی، هەریەکە لە ڤانس، ویتکۆف و کۆشنەر لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی نێوەندگیرانی پاکستان و قەتەر بەڕێوەدەچێت و تێیدا هەنگاوە پراکتیکییەکانی قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ دەکرێن.

هێڵە سوورەکانی کۆشکی سپی

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ گوێی لە هەموو بۆچوونە جیاوازەکانی ناو ئیدارەکەی گرتووە، بەڵام خۆی بڕیاردەری کۆتاییە. هێڵە سوورەکانی واشنتن لەم دانوستانەدا بریتین لە ڕێگریکردن لە ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی دابینکردنی وزەی جیهانی. هەروەها هەر ئاسانکارییەکی دارایی بۆ ئێران بەستراوەتەوە بە هەنگاوی کردەیی و بەرجەستەی تاران لە سەر زەوی.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا