جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران پابەند نەبێت ترەمپ دوودڵ نابێت لە دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان
جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی توند دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن هەموو کارتەکانی فشاری لەبەردەستە و هەر پێشێلکارییەک لە ڕێککەوتنەکەدا، ئێرانییەکان ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی و گەمارۆی قورستر دەکاتەوە.
ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ دوودڵ نابێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، ئەگەر تاران پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکدا کە لەگەڵ ئەمریکا واژۆی دەکات. ڤانس ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر پێویست بکات ترەمپ فەرمانی دەستپێکردنەوەی بۆردومانەکان یان گەڕانەوەی گەمارۆکان دەدات.
بێمتمانەیی وڵاتانی ناوچەکە بە تاران
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ناتوانرێت پێشبینی ڕەفتارەکانی تاران بکرێت، هەر بۆیە وڵاتانی کەنداو بە وریاییەوە دەڕواننە حکومەتی ئێران. ڤانس دەڵێت، وڵاتانی ناوچەکە ناتوانن دڵنیابن لەوەی تاران لە 5 ساڵی داهاتوودا چ جۆرە ڕەفتارێک دەنوێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێککەوتنی ئێستا وەک دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەبینن.
کارتەکانی فشاری واشنتن
ڤانس جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەموو کارتەکانی فشاری لەبەردەستە و دەتوانێت ئابووری ئێران لە دۆخێکی زۆر سەختدا بهێڵێتەوە. ڕاشیگەیاند، ئەگەر تاران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، هەموو ئەو ئیمتیازات و دەرفەتە داراییانە لەدەست دەدات کە لە ڕێککەوتنەکەدا بۆی دابین کراوە.
گۆڕینی ڕەفتار نەک ڕژێم
جەی دی ڤانس ڕوونیکردەوە، ئامانجی کۆتایی دۆناڵد ترەمپ لەم فشار و ڕێککەوتنانەدا گۆڕینی ڕژێمی ئێران نییە، بەڵکو دەیەوێت تاران ناچار بکات ڕەفتارەکانی بگۆڕێت. واشنتن دەیەوێت ئێران کۆتایی بە چالاکییە نائاساییەکانی بهێنێت و وەک دەوڵەتێکی ئاسایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مامەڵە بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا