زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا
سەروەر سالار 4 کاتژمێر پێش ئێستا
زەردوویی گرفتێکی تەندروستیی باوە لە منداڵانی تازەلەدایکبوو، چەند زانیارییەک سەبارەت بەهۆکار و نیشانەکانی زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا دەخەینەڕوو.
زەردوویی لە منداڵی تازەلەدایکبوودا چییە؟
زەردوویی لە منداڵی تازەلەدایکبوودا بریتییە لە زەردهەڵگەڕانی ڕەنگی پێست و چاوی منداڵەکە، بەهۆی کۆبوونەوەی پێکهاتەی بڵوروبین لە خوێنی منداڵەکەدا، ئەمەش بەهۆی گەشەنەکردنی تەواوی ئەندامی جگەری منداڵەکەوە ڕوودەدات، چونکە جگەرە بەرپرسە لە کردنە دەرەوەی پێکهاتەی بڵوروبین لە جەستەدا، ئەو منداڵانەی پێش تەواوکردنی 37 هەفتەی ماوەی دووگیانی لە دایک دەبن، ئەگەری تووشبوونیان بە زەردوویی زیاترە.
ڕێنماییە تەندروستییەکان

- منداڵانی تازەلەدایکبوو دەبێت هەموو 12 کاتژمێر جارێک پشکنینی زەردووییان بۆ بکرێت لە نەخۆشخانە
- دەبێت پشکنین بۆ ئاستی بڵوروبینی جەستەی منداڵە تازەلەدایکبووەکە بکرێت لە نێوان 24 بۆ 48 کاتژمێری دوای لە دایکبوونی منداڵەکە
باوترین هۆکارەکانی زەردوویی لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا چین؟

زەردوویی لە منداڵی تازەلەدایکبوودا کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، لەوانە:
- خوێنبەربوونی ناوەکی
- هەوکردن
- نەگونجان و جیاوازیی جۆری خوێنی منداڵ و دایکەکە
- کەمیی هەندێک جۆری ئینزایم
- بوونی هەندێک گرفتی خوێنی منداڵەکە، وەک: شیبوونەوەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنی منداڵەکە
- نەخۆشیی داون سیندرۆم
- بۆماوەیی خێزانی هەندێک نەخۆشیی خوێن
- لەدایکبوونی پێشوەختە
- ئەو دایکانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، مەترسیی تووشبوونی منداڵە تازەلەدایکبووەکەیان بە زەردوویی زیاترە
سەروەر سالار
4 کاتژمێر پێش ئێستا