دژەتیرۆر لە سلێمانى دەستگیرکردنى تیرۆریستێکى داواکراوى ڕاگەیاند

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کاتی دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی داواکراو لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانی و دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە
کاتی دەستگیرکردنی تیرۆریستێکی داواکراو لەلایەن دژەتیرۆری سلێمانی و دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە

لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە نێوان دژەتیرۆری سلێمانی و عێراق، تیرۆریستێکی مەترسیداری سەر بە ڕێکخراوی داعش کە پێشینەی چالاکیی هەبووە، لە قەزای دووزخورماتوو خرایە داوەوە.

ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لە سەڵاحەدین

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق، توانییان تیرۆریستێکی داواکراو لە شارۆچکەی دووزخورماتوو لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر بکەن. ئەم دەستگیرکردنە دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی هەواڵگریی چڕ و ورد و لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوە.

پێشینەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە

بەپێی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، ئەم کەسە پێشینەی کاری تیرۆریستی هەبووە لەناو ڕێکخراوی "داعش" و یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی ناو ڕێکخراوەکە لە سنووری "ویلایەتی ئەنبار".

ڕێکارە یاساییەکان

دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە و دەستگیرکردنی، تیرۆریستەکە ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان و یاسا کراوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان و سزادانی بەپێی ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا