عێراق لە تاقیکردنەوەیەکی قورسدا ڕووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە

مەبەست عەدنان 4 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرەبەیانی سبەی کاتژمێر 01:00 بەکاتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یاری خۆی لە مۆندیالی 2026 ڕووبەڕووی نەرویج دەبێتەوە، ئەو یارییە تاقیکردنەوەیەکی قورس دەبێت بۆ یاریزانانی شێرەکانی ڕافیدەین، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێتە هەڵسەنگێنەرێک بۆ ئاست و ئامادەکارییەکانی گراهام ئارنۆڵدی ڕاهێنەری عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیال.

عێراق، لە سێ یاریی دۆستانەی ئامادەکاریدا توانی بردنەوەیە، یەکسانبوونێک و شکستێک تۆماربکات، دواتر لە ئەمریکا دەستی بە ئامادەکارییەکان کرد و ئێستا دەیەوێت لە یاریگەدا وەڵامی ڕەخنەگران بداتەوە.

سەرەڕای ئەوەی عێراق و نەرویج بە ڕێگەی جیاوازدا تێپەڕیون بۆ گەیشتن بە مۆندیال، بەڵام ئەمڕۆ لە یاریگای گیلێت لە فۆکس بۆڕۆ، کە توانای لەخۆگرتنی 64 هەزار هاندەری هەیە بە هاوسەنگی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە لە کۆمەڵەیەکی بەهێزی وەک کۆمەڵەی نۆیەمدا،کە هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا و سەنیگالیشی تێدایە.

هەڵبژاردەی عێراق وەک 48 مین و دوایین هەڵبژاردە گەیشتە مۆندیالی 2026، هەروەها عێراق ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد بە ئەنجامدانی 21 یاریی پاڵاوتن ئەوەش زۆرترین ژمارەی یارییە بۆ هەر تیپێکی دیکە تاوەکو بگاتە مۆندیال و ئەو ژمارە یارییە زۆرە ئەنجام بدات.

مەبەست عەدنان

4 کاتژمێر پێش ئێستا