ڕێڕەوی چەمی زەڵم دەگۆڕدرێت؛ پلانێکی نوێ و جیاواز بۆ دۆزینەوەی تەرمی ڕوقییە
زیاتر لە هەفتەیەکە گەڕانێکی چڕ بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچە گەشتیارێکی 11 ساڵان لە چەمی زەڵم بەردەوامە؛ تیمەکان پەنا بۆ تەکنیکی نوێ و گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکە دەبەن بۆ دۆزینەوەی.
چیرۆکی بێسەروشوێنبوونی ڕوقییە
کچە گەشتیارێکی 11 ساڵان بەناوی ڕوقییە ڕافید، کە خەڵکی شاری کەربەلایە، ڕۆژی سێشەممە 9ـی حوزەیران لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە هاوینەهەواری زەڵم کردبوو. کاتژمێر 5:06ـی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، لە کاتی وێنەگرتن لە نزیک سەرچاوەکە دیارنەماوە و لەو کاتەوە گومانی خنکانی لێ دەکرێت.

هەوڵە چڕەکانی تیمەکانی فریاکەوتن
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە سلێمانی، سۆران و هەڵەبجە، لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار و تیمەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی هەڵەبجە بەردەوامن لە گەڕان. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە و خۆبەخشان بەشدارن لە پرۆسەی پشکنینی ئاوی چەمی زەڵم بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچەکە.

بەکارهێنانی کامێرای ژێر ئاو و گۆڕینی ڕێڕەوی چەمەکە
عابدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی هەڵەبجە بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاندووە، تاوەکو ئێستا چەندین جۆر تەکنیک وەک گەڕانی مەلەوانەکان و بەکارهێنانی کامێرا لە ژێر ئاودا بەکارهێنراون، بەڵام بێسوود بوون. بۆیە بڕیاردراوە لە ڕێگەی بۆرییەوە بەشێکی ڕێڕەوی ئاوی چەمی زەڵم بگۆڕدرێت بۆ ناوچەیەکی دیکە، تاوەکو بڕی ئاوەکە کەم ببێتەوە و پرۆسەی گەڕانی مەلەوانەکان ئاسانتر ببێت.
4 کاتژمێر پێش ئێستا