پێنج پرسیار کە ڕێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێرانیان بە ئاڵۆزی هێشتووەتەوە

یەسنا ئومێد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار و تەمومژاوی هەن کە ئایندەی ئەم ڕێککەوتنە دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.

1. ئایا لێکگەیشتنەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن؟

یەکەم پرسیار کە لێدوانی دژبەیەکی لەسەرە، کاتی دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکەیە. دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ کاری پێ دەکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن هێشتا دۆخی مەیدانی وەک گەرووی هوورمز وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە. وا بڕیارە دوای مەراسیمە فەرمییەکەی ڕۆژی هەینی لە جنێف، وردەکارییەکانی جێبەجێکردن ڕوون ببێتەوە.

2. گەرووی هوورمز دەچێتەوە دۆخی پێش جەنگ؟

ئایا دوای کردنەوەی گەرووی هوورمز، هاتوچۆی کەشتییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو ئاسایی دەبێتەوە؟ لە یاداشتنامەکەدا ئاماژە بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ کراوە، بەڵام میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە کە تاران بە ئاسانی دەستبەرداری کۆنتڕۆڵی گەرووەکە نابێت. باس لەوە دەکرێت کە ئێران بە نیازە "باجی ژینگە و سەلامەتی" لەو کەشتییانە بسەنێت کە بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش پێچەوانەی مەرجە نێودەوڵەتییەکانە.

3. ئێران چی لەم ڕێککەوتنە دەستدەکەوێت؟

وەستاندنی جەنگ و هەڵگرتنی سزاکانی سەر هەناردەی نەوت، دوو دەستکەوتی ڕوونی ئێرانن. بەڵام پرسی گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران هێشتا جێگەی مشتومڕە؛ تاران دەڵێت پارەکانیان وەردەگرنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە گەڕانەوەی هەر بڕە پارەیەک بەستراوەتەوە بە هەڵسوکەوت و پابەندییەکانی ئێران لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا.

4. ئایا ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنەکە دەبێت؟

یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان لەسەر ڕێککەوتنەکە هەڵوێستی ئیسرائیلە. ئایا تەلئەڤیڤ هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و حیزبوڵا ڕادەگرێت؟ وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە تەواوی لە لوبنان ناکشێنەوە و مافی وەڵامدانەوەی خۆیان دەپارێزن، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی تێکچوونی ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە.

5. ئایا ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆ دەکرێت؟

گرنگترین خاڵ کە ئایندەی ناوچەکە دیاری دەکات، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانە. لە لێکگەیشتنەکەدا هاتووە کە دەبێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا دانوستانی تەکنیکی ئەنجام بدرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەردوولا دەتوانن لەسەر وردەکارییە تەکنیکییەکان ڕێکبکەون، یان جارێکی دیکە ململانێکان سەرهەڵدەدەنەوە؟

یەسنا ئومێد

3 کاتژمێر پێش ئێستا