بۆچی ددانەکان هەستیار دەبن؟
کاتێک مینای ددان تەنکدەبێتەوە، ئەو بەشەی لەدەستچووە بە هیچ جۆرێک جێگەی ناگیرێتەوە، بەڵام دەکرێت رێگری لە خراپتربوونی دۆخی ددانەکان بگیرێت.
داخورانی مینای ددان بریتییەلە تەنکبوونەوەی بەشی دەرەوەی ددانەکان بەهۆی ماددەی کیمیایی یان فشاری میکانیکی، بەهۆی ئەم تەنکبوونەوەیەوە ددانەکان لاوازدەبن و ئاسانتر رەنگ دەیانگرێت، هەستیاردەبن و تووشی کلۆری دەبن.
ئەگەر ئەم حاڵەتە پشتگوێبخرێت، دەبێتەهۆی زیادبوونی داخورانەکە بۆ بەشەکانی ناوەوەی ددانەکان.
هەواڵە دڵخۆشکەرەکە ئەوەیە کە ئەم پڕۆسەیە زۆر بە هێواشی روودەدات و رێگەی کاریگەر بەردەستن بۆ وەستاندنی ئەم داخورانە.
نیشانەکان
نیشانەکان دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازبن بەڵام ئەم نیشانانە پێتدەڵێن کە ددانەکانت لە قۆناغێکی سەرەتایی داخوران و تەنکبوونەوەدان:
- هەستیاربوونی ددان
- گۆڕانی رەنگی ددان
- شکانی بەشێکی ددان
لەگەڵ بەرەوپێچوونی داخورانەکەدا بەشەکانی ناوەوەی ددانیش دادەخورێن و دەبێتەهۆی تووشبوون بە ئازاری ددان.
هۆکارەکانی داخورانی ددان چین؟
- خواردنی خۆراک و خواردنەوەی شیرین و ترش
- ددانشوشتن بە توندی بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە تووشی داخوورانی ئەو بەشەی ددان بوون لە نزیک پووکیانەوە
- ددانەجیڕە
- گەڕانەوەی درێژخایەنی ترشەڵۆکی گەدە
- دەموشکی
- بەکارهێنانی درێژخایەنی چەند جۆرێکی دەرمان وەکو دژەهەستەوەرییەکان
- چەند نەخۆشییەکی بۆماوەیی
- پەشێویی بولیمیا
- ددانەجیڕە
چارەسەرەکان
چارەسەرەکانی داخورانی ددان پشتدەبەستێت بە توندیی حاڵەتەکەوە. بەکارهێنانی فلۆراید بۆسەر رووی ددانەکان چارەسەرێکی باشە بۆ وەستاندنی داخورانی ددان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا.
راستە مینای ددان دروستنابێتەوە، بەڵام فلۆراید ددان بەهێزدەکات و وادەکات بەشێکی زیاتری ددانەکە دانەخورێت.
لە ئەگەری هەبوونی داخورانی ددانی توند پزیشکی ددان دەتوانێت لە ڕێگەی کیفی ددان و ڤینیرەوە ددانەکان دابپۆشێت و چارەسەری گرفتەکە بکات.
رێگەکانی رێگریکردن
رێگریکردن لە تووشبوونی ددان بەم حاڵەتە باشترین هەنگاوە بۆ پاراستنی ددان، لە ئەگەری هەبوونی داخورانی ددانیشدا، هەر بە پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەتوانیت داخورانەکە بووەستێنیت:
- بەکارهێنانی ئەو هەویری ددانانەی کە فلۆرایدیان تێدایە
- شوشتنی دەم و ددان بە فڵچە و هەویری ددان رۆژانە دوو جار
- بەکارهێنانی پەتی ددان لانیکەم رۆژی جارێک
- کەمکردنەوەی خواردن و خواردنەوەی ترش و شیرین
- غەرغەرەکردن بە ئاو لە پاش خواردنی هەر ژەم و خواردنێک
- نابێت کەمتر لە 30 خولەک پاش نانخواردن ددان بە فڵچە بشۆرێت، بۆ ئەوەی لیک کاتی پێویستی هەبێت بۆ شوشتن و لابردنی ئەو ترشەی لە دەمدا هەیە لەوکاتەدا، ئەگەرنا ددان شوشتن راستەوخۆ پاش نانخواردن هۆکارە بۆ داخورانی ددان
- دوورکەوتنەوە لە خواردن لە سێ کاتژمێر پێش خەوتنەوە
- کەمکردنەوەی ئەو خواردنەوانەی کحولیان تێدایە
- جوینی بنێشتی بێ شەکر پاش نانخواردن بۆ زیادبوونی لیک و پاکبوونەوەی دەم
- سەردانکردنی پزیشکی ددان ماوەماوە بۆئەوەی ددانەکانت لە کلس و رەنگ پاکبکاتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا