سەدان نەخش و پاشماوەی دێرین لە سعودیە تۆمار کران

دەستەی کەلەپووری سعودیە، بە فەرمی، تۆمارکردنی بەنزیکەی دوو هەزار نەخش و پاشماوەی شوێنەوارییان ڕاگەیاند و بە دەستکەوتێکی مێژوویی وەسفی دەکەن.

لە سنووری مەدینە دۆزراونەتەوە

بەگوێرەی ئاماری فەرمی دەستەی کەلەپووری سعودیە، پاش تەواوبوونی کنەوپشکنین لە پاشماوەی شوێنەواریی سنووری شاری مەدینە، توانیویانە هەزار و 774 نەخش، هەڵکۆڵراو و پاشماوەی مێژوویی تۆمار بکەن.

ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، بەشێکی زۆر لە دۆزینەوەکان، نەخش و هەڵکۆڵراوی سەر بەردن و دەگمەنن، بەشێکیان ئایەتی قورئانییان لەسەرە.

لە 156 پێگەدا دۆزراونەتەوە

تێکڕای نەخش و پاشماوەکان، لە 156 پێگەی مێژوویی دۆزراونەتەوە و بەهایەکی گەورەی کەلەپووری و مێژووییان دەبێت لەبارەی شارستانییەتی کۆن و دێرینی سعودیە.

بە شێوەیەکی گشتی، پاشماوەکان بەم جۆرەی خوارەوەن:

  • 461 نەخشی ئیسلامی
  • هەزار و 259 وێنەی سەر بەرد
  • 34 نەخشی ئاسۆیی
  • 11 پاشماوەی بەردین
  • سێ کۆشک و باڵەخانە