وردەکاریی ڕێککەوتنی نوێی هەولێر و بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی داهاتووەوە بازدانێکی گەورە بەخۆوە دەبینێت و دەگاتە 220,000 بەرمیل، ئەمەش دوای گەرەنتییەکانی بەغداد بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری گرفتەکان دێت.
زیادکردنی بەرهەم بۆ 220,000 بەرمیل
سەرەتای مانگی تەممووزی داهاتوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاو بە هەنگاو زیاد دەکات و دەگاتە 220,000 بەرمیلی ڕۆژانە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیاکانی داوە تاوەکو بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
هەوڵەکانی عەلی زەیدی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە
بەرپرسێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە کەناڵ8ـی ڕایگەیاند، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر پەلەیەتی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەی دوو هەفتەی ڕابردووی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و سەرۆکوەزیران، کە بە بەشداری کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بەڕێوەچوو، پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ ئەم پرۆسەیە دووپات کراوەتەوە و سەرۆکوەزیران بەرپرسیارێتی پاراستنی کێڵگەکانی لە ئەستۆ گرتووە.
ئاستی ئێستای بەرهەمهێنان و دابەشکارییەکەی
لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان 70,000 بۆ 75,000 بەرمیلی ڕۆژانەدایە. لەو بڕە، 50,000 بەرمیلی بۆ پێداویستی ناوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزین، گازوایل و نەوتی سپی تەرخان دەکرێت، بڕی 20,000 بۆ 25,000 بەرمیلەکەی تریش دەخرێتە نێو هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بارودۆخی هێڵی بۆری و نەوتی کەرکووک
هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە 230,000 بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا. لەو بڕە، 210,000 بەرمیلی نەوتی خاوی کەرکووکە. پلان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی نەوت لە ڕێگەی ئەم هێڵە بۆرییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکرێت.
گەڕانەوەی ستافەکان و ئاستەنگە تەکنیکییەکان
بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ستافی کۆمپانیا نەوتییەکان هێشتا نەگەڕاونەتەوە و کێڵگەکان بۆ ماوەیەک ڕاوەستابوون، گەیشتنەوە بە ئاستی پێشوو کاتی دەوێت. بڕیارە ستافەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو کێڵگانەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە کارکردن تێیاندا ڕاگیرابوو. لە ڕووی زانستییەوە، دەرهێنانەوەی نەوت دوای ڕاگرتنی کاتی، پێویستی بە کاتە تا دەگاتەوە ئەو ئاستەی کە پێشتر هەر بیرێکی نەوت بەرهەمی هەبووە.
خەمڵاندنی خەرجییەکان و شایستە داراییەکان
پرسی دارایی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان خاڵێکی سەرەکییە. کۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ کاری نێوەندگیر کارەکانی بۆ خەمڵاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم لە کۆتاییدایە. ئەمەش بۆ ئەوەیە کۆمپانیاکان بەرچاوڕوونییان هەبێت لەبارەی خەرجییەکانیان. بە گشتی گرفتێکی ئەوتۆ نەماوە و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو بەرهەمهێنان و هەناردە بەرز ببێتەوە.
کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێم لە بەغدا
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرپەرشتی کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان و ئومێد سەباح، ئامانج ڕەحیم و عەبدولکەریم خەسرەو، بە بەشداری نوێنەرانی پێنج کۆمپانیای نەوتی، لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبوونەوە. لەو دیدارەدا کۆمپانیاکان لە ڕووی ئەمنییەوە دڵنیا کرانەوە تاوەکو دەست بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بکەنەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا