حەیدەر بەرزنجی بۆ کەناڵ8: ئەمریکا نایەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستانە و هەوڵی نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان دەدات بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

مەبەستی سەردانەکەی تۆم باراک

حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هاتنی تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەرێمی کوردستان بۆ چەند مەبەستێکی دیاریکراوە، کە سەرەکیترینیان پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دەربازبوونە لە چەقبەستوویی سیاسی.

سەقامگیری هەرێم و کاریگەری لەسەر عێراق

ئەمریکا نایەوێت بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە. بە وتەی بەرزنجی، واشنتن دەیەوێت عێراق بە گشتی سەقامگیر بێت و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێکی کاریگەر لە عێراق دەبێت لەڕووی سیاسییەوە جێگیر بێت، چونکە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لە هەرێم کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی عێراق دەبێت.

کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان

نێردەکەی ترەمپ هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە لە دوای جەژنی قوربانەوە ئاراستەیەک هەیە بۆ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نێوان هێزە سیاسییەکان.

ئیرادەی پارتی و یەکێتی

حەیدەر بەرزنجی ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و سەردانی نێردەی وڵاتان، چارەسەرکردنی کۆی کێشەکان و پرسی پێکهێنانی حکومەت دواجار دەکەوێتەوە سەر ئیرادەی سیاسی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا