یەکێتی و کۆمەڵ: دەبێت هەرێمی کوردستان لە دۆخی چەقبەستوویی سیاسی دەرباز بکرێت

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی باڵای کۆمەڵی دادگەری و بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکووک کۆبوونەوە؛ هەردوولا جەختیان لە یەکخستنی گوتاری کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەکانی هەرێم کردەوە.

کۆبوونەوەی کۆمەڵ و یەکێتی لە کەرکووک

ئەمڕۆ سێشەممە، شاندێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە شاری کەرکووک کرد. ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکووک-سەڵاحەدینی یەکێتی، پێشوازی لە فەخرەدین قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەری و شاندی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی کەرکووک، ناوچە جێناکۆکەکان و لێکەوتەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران تاوتوێ کران.

هاوهەڵوێستی لەسەر پرسە نیشتمانییەکان

هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لەسەر پێویستی هاوهەڵوێستی و یەک گوتاری سیاسی نێوان یەکێتی و کۆمەڵ کردەوە، بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەندییان بە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانەوە هەیە. ئامانجی ئەم هەماهەنگییە خزمەتکردنی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردە لەو سنوورانەدا، هاوکات باس لە پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە کرا.

پاراستنی پێگەی کورد لە کەرکووک

فەخرەدین قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، پێویستە سەنگ و پێگەی کورد لە کەرکووک بپارێزرێت و هەوڵی زیاترکردنی بدرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان پێویستی بە یەکڕیزی هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە تاوەکو بتوانن ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببنەوە.

هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی هەرێم

تەوەرێکی دیکەی قسەکانی فەخرەدین قادر تایبەت بوو بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان. ناوبراو هۆشداری دا کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیی دایە و دۆستەکانی کورد لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتی ڕوویان لە کەمبوونەوە کردووە. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەرکی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە هەرێم لەم بارودۆخە دەربهێنن و هەوڵبدرێت پەرلەمان و حکومەتێکی کارا هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری هاووڵاتییان.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا