مەسرور بارزانی و تۆم باراک کۆبوونەوە؛ جەخت لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کرایەوە

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و تۆم باراک
کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و تۆم باراک

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان تاوتوێ کرد.

پێشوازیکردن لە شاندە باڵاکەی ئەمریکا

ئەمڕۆ سێشەممە 16/06/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان ئامادە بوون و دۆخی گشتیی هەرێم و عێراقیان تاوتوێ کرد.

پەیامی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەرێمی کوردستان

تۆم باراک لە میانی کۆبوونەوەکەدا ستایشی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد. ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد، هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی هەیە. لای خۆشییەوە مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کردەوە.

بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەدا

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان. جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی چالاکبوونی زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا، بۆ ئەوەی ئاستی ئابووری ناوچەکە بەرەو پێش بچێت.

پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ و چارەسەری کێشەکان

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کرایەوە. ئامانج لەم پشتیوانییە گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە بێ جیاوازی، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور.

کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم

مەسرور بارزانی و شاندە ئەمریکییەکە هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جەختیان کردەوە کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنرێت و دامەزراوە شەرعییەکان دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا