حکومەتی عێراق کارنامەی سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکات

شۆڕش محەمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق
حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق

گوتەبێژی حکومەتی عێراق کارنامەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکوەزیرانی بۆ واشنتن ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پێشینەی گفتوگۆکان دەبن.

وادە و ئامانجی سەردانەکە

حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، لە ناوەڕاستى مانگى 7ـدا عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى واشنتن دەکات. ئامانج لەم سەردانە بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ قۆناغێکی کاریگەرتر.

کارە لەپێشینە ئابوورییەکان

گوتەبێژى حکومەت ڕوونیکردەوە، لە چوارچێوەى پڕۆگرامە وەزارییەکەى حکومەتدا، دۆسیەکانى ئابووریى، بازرگانى و وەبەرهێنان لە پێشینەی ئەو بابەتانە دەبن کە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت هەوڵ دەدات ئاسۆکانی هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان فراوان بکات و ژینگەی وەبەرهێنان هان بدات بۆ بەدیهێنانی دەستکەوتی ڕاستەوخۆ بۆ ئابووریی عێراق.

کۆنترۆڵکردنی چەک و سەقامگیری

حەیدەر عەبودی ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق بەردەوامە لە چارەسەرکردنی دۆسیەی چەکی بێمۆڵەت و ناڕێکخراو. جەختی لەوەش کردەوە کە کار دەکەن بۆ سنووردارکردنی خاوەندارێتی و بەکارهێنانی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە تایبەتمەندە ئەمنییەکاندا، بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی.

پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن

ئەم لێدوانانەى گوتەبێژى حکومەت دوای کۆبوونەوەی عەلی زەیدی و تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق دێت. لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە پابەندبوونی خۆیان کردووەتەوە بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز و دوولایەنە کە خزمەت بە سەروەری، ئاسایش و گەشەسەندنی هەردوو وڵات بکات.

شۆڕش محەمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا