گیرانی ڕیخۆڵە چییە و لە چ کاتێکدا مەترسیدارە؟

گران جاف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
د. هاوار حەسەن نەقشبەندی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس
د. هاوار حەسەن نەقشبەندی - پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، غوددە و کۆئەندامی هەرس

گیرانی ڕیخۆڵە یەکێکە لە حاڵەتە مەترسیدارەکان و پێویستی بە چارەسەری دەستبەجێ هەیە، ئەم حاڵەتە کاتێک ڕوودەدات کە بەشێکی یان بە تەواوی ڕێڕەوی خۆراک، شلەمەنی و گازەکان لە ڕیخۆڵەدا بگیرێت.

بە ناسینەوەی نیشانەکان چارەسەرەکان سەرکەوتووتر دەبن.

باوترین نیشانەکانی گیرانی ڕیخۆڵە ئەمانەن

  • ئازاری توندی سک: ئازارەکە وەکو شەپۆلێک دێت و دەچێت، زۆر جار لە دەوری ناوک یان گشت بەشەکانی سکدا هەستی پێدەکرێت.
  • ئاوسانی سک: بەهۆی کۆبوونەوەی گاز و شلەمەنی لە پشت شوێنی گیرانەکەوە، سک بە شێوەیەکی نائاسایی و ڕەق دەئاوسێت.
  • هێڵنجدان و ڕشانەوەی بەردەوام: بەتایبەت ئەگەر گیرانەکە لە ڕیخۆڵەباریکەدا بێت، خۆراک و شلەمەنییەکان دەگەڕێنەوە سەرەوە.
  • قەبزیی توند و نەبوونی غازات: نەخۆشەکە بە هیچ جۆرێک ناتوانێت پیسایی بکات، تەنانەت ناتوانێت غازاتیش بکاتە دەرەوەی جەستەی(ئەمە نیشانەیەکی جیاکەرەوە و گرنگە)
  • نەمانی ئارەزووی خواردن و تینوبوونی زۆر

هۆکارە سەرەکییەکانی گیرانی ڕیخۆڵە چین؟

  • پێوەلکانی ڕیخۆڵەکان: زۆرجار دوای نەشتەرگەریی سک ڕوودەدات
  • فتق: کاتێک بەشێک لە ڕیخۆڵە لە فتقەکەدا گیردەخوات
  • گرێ و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە: بەتایبەت لە تەمەنی سەروو 50 ساڵدا
  • پێچخواردنی ڕیخۆڵە

پشتگوێخستنی گیرانی ڕیخۆڵە ڕەنگە ببێتەهۆی بڕانی خوێن لەو بەشەی ڕیخۆڵەدا، بەمەش شانەکانی ئەو ناوچەیە دەمرن یان دەتەقن، بەمەش پەردەی سک هەودەکات و حاڵەتێکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.

هەربۆیە گرنگە لەگەڵ هەستکردن بەم نیشانانە، بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی هەرس و جگەر بکرێت.

د. هاوار حەسەن نەقشبەندی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر

گران جاف

3 کاتژمێر پێش ئێستا