عیزەت سابیر: هەرێمی کوردستان دەتوانێت داوای پشکی بودجە بکات نەک تەنیا مووچە
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گازی سروشتی، ئاشکرای دەکات کە بەهۆی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ-وە، هەرێمی کوردستان مافی داواکردنی پشکی تەواوی بودجەی هەیە. ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات کە عێراق لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و دابینکردنی وزە بۆ وێستگەکانی کارەبا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا سوودی لە گازی هاوردەکراوی ئێران و کۆگاکانی ناوخۆ وەرگرتووە.
پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گازی سروشتی ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی خاو کە لە ڕێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ عێراقە، داوای پشکی بودجە بکات نەک تەنیا مووچە.
کاریگەریی داخستنی گەرووی هوورمز
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری گازی سروشتی دەڵێت: "بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە، عێراق نەیتوانیوە نەوتەکەی هەناردە بکات، کۆگاکان پڕ بوون و بەرهەمهێنانی نەوت و گازیش کەمکرایەوە."
چارەسەرکردنی سووتانی گازی سروشتی
بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری گازی سروشتی ڕاشیگەیاند: "وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی گاز و وەبەرهێنان تێیدا، لە ساڵی 2023وە تاوەکو ئێستا زیاتر لە %25ی سووتانی گازی سروشتیی چارەسەر کردووە."
وەڵامی عێراق بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن
عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: "سێ ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا پێیان گوتین ئەو گازەی عێراق بەمەبەست دەیسووتێنن و گازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکەن، بەغداش بە پڕۆژەی کەمکردنەوەی سووتاندنی گازی هاوەڵی نەوت وەڵامی واشنتۆنی دایەوە."
گرێبەستی غازی وشک لەگەڵ ئێران
عیزەت سابیر ئەوەشی خستە ڕوو، عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی گازی سروشتیی وشک، لە ساڵی 2017 گرێبەستێکی لەگەڵ ئێران کردووە بۆ وێستگەکانی کارەبا.
بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی هاوردەکراو
بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاشیگەیاند: "لە دوو بۆرییەوە گازی وشکی ئێران بۆ عێراق دێت؛ بۆرییەکیان لە ناوەڕاستی عێراق و لە ناوچەی خانەقینەوە بۆ وێستگەی بەسمایە لە بەغدا، بۆرییەکەی دیکەش لە بەسرەوە بەستراوەتەوە بە گازی سروشتیی عێراق و بۆ هەموو وێستگەکانی کارەبا دەڕوات."
بەکارهێنانی گازی کۆگاکراو
باسی ئەوەشیکرد، عێراق لە ماوەی جەنگی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا 100 هەزار تۆن گازی سروشتیی کۆگاکراوی بەکارهێناوە بۆ وێستگەکانی کارەبا و دابینکردنی گازی شلی (LPG) بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا