خالید شوانى: بۆ چاکسازى لەناو دادگاکان پێویستە یاسا پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت
خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق ڕایگەیاند، بۆ چاکسازى لەناو دادگاکان پێویستە یاسا پەیوەندیدارەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.
گفتوگۆ لەسەر دامەزراوە دادییەکان
نووسینگەى ڕۆژنامەوانى عەدنان فەیحان، جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بڵاویکردەوە،خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق، سەردانى عەدنان فەیحانى کردووە و گفتوگۆیان لەبارەى چەند دۆسیەیەکى تایبەت بە دامەزراوە داوەرییەکان لە عێراق کردووە.
گرنگی لە پاڵپشتی لە دامەزراوە دادوەرییەکان
جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، جەختى لە گرنگى پاڵپشتى دامەزراوە دادوەری و یاساییەکان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە ژینگەیەکى پێویست بۆ کەشى یاسا دروستبکرێت، تاوەکو سەروەریی یاسا پەرەی پێبدرێت و ئاستى وەزارەت بەرزبکرێتەوە لەپێناو خزمەتى گشتى.
پشتیوانی لە نوێکردنەوەی ژێرخانی یاسایی وەزارەتی داد
عەدنان فەیحان، بەگرنگیشی زانیوە، ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق پاڵپشتى و هاوکارى هەوڵەکانى وەزارەتى داد بکات لە جێبەجێکردنى بەرنامەى چاکسازیی وەزارەتەکە و نوێکردنەوەى ژێرخانى کارگێڕی و یاسایی وەزارەتى داد.
هاریکاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن
هەر لە کۆبوونەوەکەدا خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق ڕایگەیاند، هاریکارى لەنێوان هەردوو دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردن، دەبێتە بنەمای سەرەکى بۆ سەرکەوتنى بەرنامەى چاکسازى و پەرەپێدانى دامەزراوە دادوەرییەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا