عێراق دیوارێکی کۆنکرێتی بە درێژیی 380 کیلۆمەتر لەگەڵ سووریا تەواو کرد

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
درێژی دیوارە کۆنکرێتییەکەی نێوان عێراق و سووریا نزیکەی 380 کیلۆمەترە
درێژی دیوارە کۆنکرێتییەکەی نێوان عێراق و سووریا نزیکەی 380 کیلۆمەترە

فەرماندەیى هێزەکانى سنووری عێراق تەواوکردنى دیوارێکى کۆنکرێتیى لەسەر سنوورى وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا بە درێژیى 380 کیلۆمەتر ڕاگەیاند.

کاراکردنەوەی کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراو

فەریق محەممەد سەکر، فەرماندەى هێزەکانى سنوور لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقى ڕاگەیاند، فەرماندەیى هێزەکانى سنوور لە ساڵی 2023ەوە کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراوی کارا کردووەتەوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی بیناسازی و ڕێگەوبانەکان و پتەوکردنی ئاسایشی سنوورەکان.

لە باشووری چیای شنگالەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو باکووری شارەدێی ڕەبیعە

ئاماژەى بەوەشکرد، دیوارەکە لەسەر سنووری عێراق - سووریا لێدراوە، لە باشووری چیای شنگالەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو باکووری شارەدێی ڕەبیعە و هێشتا کارکردن لەو پرۆژەیەدا بە ئاڕاستەى ڕووبارى دیجلە بەردەوامە.

کەمی خەرجی کارگەی هێزەکای پاسەوانی سنوور

فەرماندەی هێزەکانی سنوور دەڵێت، ئەو بەشەی دیوارەکە کە لەلایەن ئێمەوە لێدراوە، نیوەی ئەو پارەیەی تێچووە کە لە بەشەکانی دیکەی دیوارەکەدا خەرجکراوە، چونکە کۆنکرێتەکەی لەو کارگەیەوە بەرهەمهاتووە، کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی سنووردایە.

گوتیشى، لە ئێستادا عێراق خاوەنى دیوارێکى کۆنکرێتییە بە درێژایى 380 کیلۆمەتر لەگەڵ سووریا.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا