ترەمپ: بۆ ئیسرائیلی پێشنیاز دەکەم سووریا چارەسەری حیزبوڵا بکات
یەکێک لەو پرسانەی دیکە کە دۆناڵد ترەمپ لە میانی لووتکەی وڵاتانی گرووپی 7 باسی کرد، پرسی حیزبوڵا بوو، ئەو ئاماژەی بەوەکرد کە ئیسرایل ڕێگە بدات سووریا چارەسەری حیزبوڵا بکات و وتیشی کە پێی وایە ئەوان باشتر لە ئیسرائیل دەتوانن ئەو کارە بکەن.
سووریا چارەسەری حیزبوڵا بکات
لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا گوتی " ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ حیزبوڵا دەجەنگێت و خەڵکێکی زۆر دەکوژرێن و پێویست ناکات هەر جارێک کە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون بڕووخێنن، چونکە خەڵکێکی زۆر لەو باڵەخانانەدا هەن و هەموویان حیزبوڵا نین، پێشنیاز بۆ ئیسرائیل دەکەم کە ڕێگە بدات سووریا چارەسەری حیزبوڵا بکات، ڕاستییەکەی، پێم وایە ئەوان باشتر ئەو کارە دەکەن."
ڕەخنە لە مامەڵەی نەتانیاهوو لەگەڵ لوبنان
لەبارەی دۆخی لوبنانەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی لووتکەی جی 7 لە فەڕەنسا ڕایگەیاند، کە نەتانیاهوو دەبێت بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات بەرامبەر لوبنان و باسی لەوەشکرد ، خراپترین مامەڵە لەگەڵ لوبنان کراوە و ئاماژەی بەوەکرد ، دڵخۆش نییە بەو شێوازەی ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵا دەکات.
"بێ ئەمریکا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو"
لە درێژەی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ گوتیشی "بەبێ ئەمریکا، ئیسرائیل بوونی نەدەبوو، بەبێ من، ئیسرائیل بوونی نەدەبوو، چونکە هیچ سەرۆکێکی دیکە ئامادە نەبوو ئەوە بکات کە من کردم.
لوبنان خراپترین مامەڵەی لەگەڵ کراوە
من پەیوەندییەکی نایابم لەگەڵ بیبی هەبوو، بەڵام ئێستا دەبێت بیبی بەرامبەر بە لوبنان بەرپرسیارتر بێت، لوبنان وڵاتێکی مەزن بوو، وڵاتێک بوو کە پڕۆفیسۆر و پزیشک و پارێزەری هەبوو، ڕۆشنبیرە مەزنەکان لە لوبنان بوون، ئێستا دۆخەکەی زۆر خراپە. دەڵێم لەنێو هەموو وڵاتاندا، خراپترین مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و حیزبوڵایان هەیە، کە بووەتە کێشە بۆیان، کەواتە، نەخێر، من دڵخۆش نیم بەو شێوازەی ئیسرائیل مامەڵەی لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵا کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا