سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی کۆبووەوە
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاری وانی پارتی دەم و میدحەت سانجار پەرلەمانتاری ڕحای پارتەکە کۆبووەوە و تاوتوێی پرۆسەی چارەسەرییان کرد.
تاوتوێکردنی پرۆسەی چارەسەری
لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە هەژماری فەرمیی پەرلەمانی تورکیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، کورتوڵموش پێشوازیی لە بوڵدان و سانجار کردووە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە کارەکانی شاندی ئیمراڵیی پارتی دەم، ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەگەڵ پارتە سیاسییەکان ئەنجامیانداوە و ئەو قۆناغەی پرۆسەی چارەسەریی پێگەیشتووە، تاوتوێکراوە.
باسکردن ڕاپۆرتی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە لە دیدارەکەدا، ئەو هەموارانەی لە ڕاپۆرتی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیدا هاتووە و ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەوەی بەشێوەیەکی سەرکەوتوو پرۆسەکە بە ئەنجام بگات، باسکراون.
بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی گرنگ
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی لەچوارچێوەی ئەو بەرپرسیارێتییانەی دامەزراوەی سیاسیی لە ئەستۆی گرتوون، تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی گرنگ لە پرۆسەکەدا بەدەستهاتوون".
دەشڵێت: "هاوکات ئاماژە بە گرنگیی ئەنجامدانی کارە پێویستەکان لە پەرلەمان و جێبەجێکردنی هەموارەکان کراوە بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا پڕۆسەی تورکیای بێتیرۆر بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبهێنرێت."
2 کاتژمێر پێش ئێستا