شاندی ئیمراڵی: لەگەڵ کورتوڵموش جەختمان لە دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە کردەوە

محەمەد عەلی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی
پەروین بوڵدان و میتحات سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی

شاندی ئیمراڵیی پارتی دیموکراسیی و یەکسانی گەلان (پارتی دەم) لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "جەختمان لە پێویستیی دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە بەر لە دەستپێکی پشووی پەرلەمان کردەوە".

تاوتوێی بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی ئاشتی

شاندی ئیمراڵی پارتی دەم ڕاگەیێنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بەمەبەستی تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونەکانی پەیوەست بە هەنگاوە یاساییەکان لە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەتەوە".

تەوەرەی سەرەکی دیدارەکە چی بووە؟

لە ڕاگەیێنراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا هاتووە: "تەوەری سەرەکیی دیدارەکە، ئەو قۆناغەیە کە یاسای چوارچێوەی پێ گەیشتووە کە ڕای گشتیش لە نزیکەوە چاودێریی دەکات".

جەختکردنەوە لە دەرکردنی یاسای چوارچێوە

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا، ڕاوبۆچوونی شاندەکە، چاوەڕوانییەکان و ئەو هۆکارانەیان باسکردووە کە جەخت لە پێویستیی دەرکردنی یاسای چوارچێوە دەکەنەوە، بەر لەوەی پەرلەمان بجێتە پشووەوە.

شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەکرد هەمان بۆچوونی ئەوانی هەیە لەبارەی پێویستیی دەرچوونی یاسای چوارچێوە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووەوە و جەختی لەوەکردەوە، تا کۆتایی لە هەوڵەکانی لەوبارەیەوە بەردەوام دەبێت.

لە ڕاگەیێنراوەکەدا، شاندی پارتی دەم دەڵێت، "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە، هاوڕایی لەبارەی پێویستیی هاویشتنی هەنگاوی خێرای بەرجەستە سەبارەت بە دەرکردنی یاسای چوارچێوە و ئەو ڕۆڵەی پەرلەمان لەو بابەتەدا دەیگێڕێت، جێگەی بایەخ و گرنگین".

محەمەد عەلی

2 کاتژمێر پێش ئێستا