فیدان: پێویستە ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران وەک خۆی جێبەجێبکرێت
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا ڕووسییەکەی کۆبووەوە. پاش کۆبوونەوەکە فیدان لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا گوتی، نابێت ڕێگە بە تێکدانی ئەو ڕێککەوتنە بدرێت، کە لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا واژۆ کراوە.
ڕێگە گرتن لە تێکدانی ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران
فیدان داوای لە ئیسرائیل کرد، هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە نەدات و بەلاڕێیدا نەبات.
گەڕانەوە بۆ زەمینە سازی دیپلۆماسییەت
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەو بارەیەوە گوتی "هیوای ئێمە ئەوەیە ڕێککەوتنەکە بگاتە ئەو ئاستەی کە واژۆی کۆتایی لەسەر بکرێت، وەک خۆی و هەموو قۆناغەکانی جێبەجێبکرێت و هەمووان بگەڕێنەوە بۆ زەمینەی دیپلۆماسییەت. ئەوەی گرنگە هەمووان لەو لێدوانانە دووربکەونەوە کە زیان لەم قۆناغە هەستیارەی پرۆسەکە دەدەن و ئیسرائیلیش لەو کارانە دوور بکەوێتەوە، کە پرۆسەکە لەسەر ڕێڕەوی خۆی لادەدات و بەلاڕێیدا دەبات."
دەستبەجێ جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیاش کۆتایی بێت
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا داوای کرد، جەنگی پێنج ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاش کۆتایی بێت و هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
ئامادەیی بۆ میوانداری گفتوگۆی ڕووسیا و ئۆکرانیا
فیدان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی هاوشێوەی سێ ساڵی ڕابردوو، ئێستاش ئامادەیە میوانداریی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بکات.
گەڕانەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەی جەنگی ڕووسیا و هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ چەسپاندی ئاشتی گوتی " کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە ناوچەکەماندا، گرنگییەکی گەورەی هەیە. لەو چوارچێوەیەشدا، ویستی خۆمان خستەڕوو بۆ دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە شێویەکی ئاشتییانە، کە پێدەنێتە ساڵی پێنجەمیەوە. وەک هەمیشە ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی خاوەندارێتی هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆدا بکەین، چونکە ئامانجی سەرەکیی ئێمە، گەڕانەوەی ڕووسیا و ئۆکرانیایە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ."
ئۆکرانیا بچێتە یەکێتیی ئەورووپا دەرئەنجامی خراپی دەبێت
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی، ئەوانەی دەیانەوێت ئۆکرانیا بکەنە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، دەیانەوێت ئەورووپا بکەنە گۆڕەپانێکی سەربازی و ئەوەش دەرئەنجامی زۆر خراپی دەبێت.
سەرکۆنەی سزاکانی سەر ڕووسیا
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا و ئەورووپا سەبارەت بە وڵاتەکەی گرت و گوتی، ئەو سزایانەی بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون، نایاسایین و داوا دەکەن هەڵبگیرێن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا