سەرۆکی شارەوانییەکی دیکەی سەربە جەهەپە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ
بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ

ئۆپراسیۆنەکان بۆسەر شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە بەردەوامن و سەرۆکی شارەوانیی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

 دۆسیەی گەندەڵییەکانی شارەوانیی ئیستانبوڵ

لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵییەکانی شارەوانیی ئیستانبوڵ، ڕۆژی 12ـی حوزەیران، بۆرا باڵجیئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سیلیڤری سەربە ئیستانبوڵ دەستگیرکرا، کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2024، لەسەر لیستی جەهەپە هەڵبژێردرا.

شەوی سێشەممەش، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، باڵجیئۆغڵو بەگوێرەی مادەی 127ـی دەستوور و ماددەی 47ـی یاسای شارەوانی، لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.

تۆمەتی دامەزراندنی ڕێکخراوی تاوانکاری

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، باڵجیئۆغڵو تۆمەتبارە بە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ڕێکخراو بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان، وەرگرتنی بەرتیل و سپیکردنەوەی ئەو سەروەت و سامانانەی لە تاوانەوە وەرگیراون.

پاش بردنەوەی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 2024 لەلایەن جەهەپەوە، دۆسیەیەکی گەورەی لێکۆڵینەوە لە شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە کرایەوە و تاوەکو ئێستا دەیان سەرۆکی شارەوانیی و سەدان کارمەندی شارەوانییەکانی ژێر دەستی جەهەپە دەستگیرکراون، کە دیارترینیان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ بوو، کە مانگی ئازاری 2025 دەستگیرکرا و دواتریش لە کارەکەی دوورخرایەوە و زیندانیکرا.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا