زانیارییەکانی کەناڵ8؛ وەزیری دارایی عێراق جەخت لە ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە دەکاتەوە

وەزیری دارایی فیدراڵ جەخت لە ناردنی بڕە پارەی دیاریکراوی داهاتی نانەوتی دەکاتەوە و بەغدادیش داوای سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی دەروازە سنوورییەکان دەکات.

مەرجى وەزیرى دارایی بۆ دابینکردنی مووچە

بەگوێرەى بەدواداچوونێکى کەناڵ 8، فالح سارى، وەزیرى دارایی فیدراڵ، بە شاندى هەرێمى کوردستانى ڕاگەیاندووە کە پابەند دەبێت بە دابینکردنى مووچەى هەرێم تەنیا لەبەرامبەر ناردنى 120 ملیار دینار وەک داهاتى نانەوتى بۆ هەر مانگێک. کاتێک شاندى هەرێم ئاماژەیان بەوە کردووە کە داهاتی نانەوتی کەمی کردووە، وەزیری دارایی جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕە پارەیە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە بڕیارى لەسەر دراوە و بۆ هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بڕیارەکە هەموار بکرێتەوە.

کێشەی سەرپەرشتیکردنی دەروازە سنوورییەکان

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی بەردەم جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا و یەکخستنى پێناسى گومرگى، پرسی سەرپەرشتیکردنی دەروازەکانە. شاندى حکومەتى فیدراڵ داوایان کردووە کە تەواوی داهاتى دەروازە سنوورییەکان بچێتەوە بۆ بەغداد و دواتر حکومەتی فیدراڵ 50%ـی ئەو داهاتە بۆ هەرێمى کوردستان بگەڕێنێتەوە.

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان بەرانبەر داواکارییەکە

حکومەتی هەرێمى کوردستان پێشنیازی ڕەوانەکردنی تەواوی داهاتەکەی بۆ بەغداد ڕەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا، شاندی هەرێم ئامادەیی نیشانداوە کە شاندى هاوبەشى هەردوولا لە دەروازە سنوورییەکان ئامادەبن و پێکەوە سەرپەرشتى کۆکردنەوەى داهاتەکان بکەن، بەبێ ئەوەی سەرەتا پارەکە بۆ ناوەند بنێردرێت.