زانیاریی کەناڵ8؛ بەغداد داوای 100%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم دەکات

دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل
دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل

کێشەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان وەک گرێکوێرەیەک لە نێوان هەولێر و بەغداد ماوەتەوە؛ حکومەتی فیدراڵ داوای ڕادەستکردنی تەواوی داهاتەکان دەکات و هەرێمی کوردستانیش پێشنیازێکی جێگرەوە دەخاتە ڕوو.

مەرجی بەغداد بۆ داهاتی دەروازەکان

عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، خاڵى سەرەکى ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغداد لەبارەى سیستمى ئەسیکۆدا، پرسى چۆنێتی مامەڵەکردنە لەگەڵ داهاتى خاڵە سنوورییەکان. ئاشکرایشی کرد کە داوایان لە هەرێمى کوردستان کردووە 100%ـى داهاتی دەروازەکان بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ 50%ـى ئەو داهاتە دەداتەوە بە هەرێمی کوردستان.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ 8 کە لە سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، ئەم داواکارییەی بەغداد لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێ کراوە و بە تەواوی ڕەتکراوەتەوە. حکومەتی هەرێم ئامادە نییە تەواوی داهاتەکە بنێرێت و چاوەڕێی گەڕاندنەوەی نیوەی داهاتەکە بێت لەلایەن بەغدادەوە.

پێشنیازی جێگرەوەی هەرێمی کوردستان

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و دڵنیابوونەوە لە شەفافییەت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم پێشنیازێکی جێگرەوەی ئامادە کردووە. پێشنیازەکە بریتییە لەوەی ئەگەر بەغداد مەبەستی شەفافییەت بێت، دەتوانێت تیمەکانی خۆی بنێرێت بۆ دەروازەکان و بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەکانی هەرێم سەرپەرشتی کۆکردنەوەی داهاتەکان بکەن، بەڵام داهاتەکە هەر لە هەرێم بمێنێتەوە.

جیاوازیی پێناسی گومرگی و بازگەکان

سەبارەت بە جیاوازیی نرخ و یاسا گومرگییەکان، عەلائەدین قەیسی ئاماژەی بەوە کرد کە بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و عێراق وەک فلتەر کار دەکەن. ئەگەر کاڵایەک لە دەروازەیەکی هەرێم 100 هەزار دینار گومرگ بکرێت بەڵام لە بەغداد نرخەکەی 500 هەزار بێت، خاوەن کاڵاکە تەنیا بڕی جیاوازییەکە لە بازگەکانی حکومەتی فیدراڵ دەدات بۆ ئەوەی نرخەکان یەکبخرێن.