چوارچێوەى هەماهەنگى داوا دەکات تا مانگى 8 کابینەى 10ی حکومەتى هەرێم پێکبهێنرێت

کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی جیکمەی نیشتمانی
کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی جیکمەی نیشتمانی

سەرکردە دیارەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریان دا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکو پێش مانگی ئاب کابینەی 10ی حکومەت پێکبهێنن. سەرکردەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن نین و پێویستە پێش سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێم ڕێک بخرێتەوە.

کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 کە لە سەرچاوەیەکەوە لەنێو ڕەوتی حیکمەوە دەستی کەوتووە، ڕۆژی دووشەممە 15ی حوزەیران، کۆبوونەوەیەک لەنێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزووتنەوەی سادیقوون؛ هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم لایەنانە بڕیاریان داوە داوای پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم لە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش بە دیاریکردنی وادەیەک کە پێش مانگی ئاب ئەو هەنگاوە ئەنجام بدرێت و حکومەت پێکبێت.

تەواوکردنی کابینەی فیدراڵ و سەردانەکەی واشنتن

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان. لایەنەکان داوایان کرد پەلە لەو پرۆسەیە بکرێت، پێش ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی 7ـدا سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.

هەڵوێست لەسەر هەڵبژاردن و حکومەتی هەرێم

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8 لە سەرچاوەیەک لە ڕەوتی حیکمە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنن لە هەرێمی کوردستان. ئەوان هانی هەردوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێم دەدەن کە لەبری بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی نوێ، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت تا مانگی ئابی 2026 چڕ بکەنەوە و کابینەی نوێ پێکبهێنن.

هاوتاییکردنی هەردوو کابینەکە

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێم، هاوشانی تەواوکردنی کابینەی نوێی عێراق بێت، بۆ ئەوەی تا مانگی ئاب هەردوو پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتاییان بێت و لەوبارەیەوە داوا کراوە، پەلە بکرێت لە پێکهێنانی کابینەکەدا، پێش سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووزدا ئەنجام بدرێت.