حکومەتى هەرێم بۆ مووچەى گرێبەستەکان داواى ڕێککەوتنێکى نوێ لە بەغداد دەکات
تاوەکو ئێستا وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست دیار نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نوێوە لەگەڵ بەغداد کێشەکەیان چارەسەر بکات.
تێچووی مووچەی گرێبەستەکان و وادەی دابەشکردن
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنى مووچەى مامۆستا و فەرمانبەرانى گرێبەست دیاریی نەکراوە. تێچووی مووچەی ئەم چینە مانگانە بڕی 43 ملیار دینارە و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەیەوێت لەسەر داهاتى ناوخۆ مانگانە ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.
هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ بەغداد
بڕیارە پاش گەڕانەوەى شاندە هونەرییەکە، حکومەتى هەرێم شاندێکى باڵا بنێرێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیرى دارایی و بەرپرسانى عێراق. ئامانجی شاندەکە ئەوەیە ڕێککەوتنێکى نوێ بکرێت کە تێیدا ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغداد لەسەر بنەڕەتى کەمبوونەوەى داهاتەکان بێت، نەک بڕی جێگیری 120 ملیار دینار.
چارەسەری ڕیشەیی لە بودجەی 2026
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە بۆ چارەسەرى یەکجاریی کێشەى مووچەى گرێبەستەکان، لە بودجەى ساڵى 2026 داواى جێگیرکردنیان لەناو لیستى مووچەدا بکات. بەمەش مانگانە هاوشێوەى فەرمانبەرانى میلاک، مووچەکانیان ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە ڕەوانە دەکرێت.
کورتهێنانی داهاتی نانەوتی و داواکاریی بەغداد
ئێستا حکومەتى هەرێم بەهۆی ڕێککەوتنى پێشوو، دەبێت لە داهاتى ناوخۆ مووچەی گرێبەستەکان دابین بکات. بەپێی ئامارەکان، داهاتى نانەوتیى هەرێم لە مانگى 04 بڕی 86 ملیار دینار و لە مانگى 05 بڕی 106 ملیار دینار بووە، بەڵام حکومەتى فیدراڵ مانگانە داواى 120 ملیار دینار وەک پشکى خەزێنەى فیدراڵى دەکات، ئەمەش کورتهێنانی بۆ حکومەتی هەرێم دروستکردووە.
17/06/2026