کابینەی 10؛ لەنێوان دەستپێشخەریی ناوخۆیی و فشارە نێودەوڵەتییەکاندا

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان چڕ دەبنەوە و مەسرور بارزانی و تۆم باراکیش لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان هاوڕان.

مێژووی دەستوەردانی نێودەوڵەتی

پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی هەمیشە وەک فاکتەری سەرەکیی سەقامگیریی ناوچەکە بینراوە. مێژوو پیشانی دەدات لە کاتە قەیراناوییەکاندا، فاکتەری دەرەکی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبووە؛ وەک ڕێککەوتننامەی واشنتن لە ساڵی 1998 بە سەرپەرشتی ئەمریکا، کە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆ هێنا و بناغەی قۆناغێکی نوێی فەرمانڕەوایی لە ساڵی 2003دا داڕشت.

جووڵە دیپلۆماسییە نوێیەکان

بەهۆی چەقبەستوویی سیاسی لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ، لەماوەی 2 هەفتەی ڕابردوودا جووڵەیەکی دیپلۆماسیی بێوچان لەلایەن وڵاتانی زلهێز و هەرێمایەتی دەستیپێکردووە. لە نوێترین هەوڵدا، مەسرور بارزانی و تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لە نزیکترین کاتدا.

هەڵوێستی پارتی و یەکێتی

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی ڕایگەیاندووە، هەنگاوی یەکەمیان کاراکردنەوەی پەرلەمانە و دەبێت ناکۆکییەکان لەوێ چارەسەر بکرێن. لە بەرامبەردا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی هۆشداریی داوەتە نێردەی ئەمریکا و ڕایگەیاندووە، بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەکانەوە خەریکە شەرعییەت و متمانەی حکومەتی ئێستای هەرێم دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

کێشەی پشک و دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان

مانگێک پێش ئێستا سەڵاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری یەکگرتوو دەستپێشخەرییەکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خستەڕوو، بەڵام تا ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا ماوەتەوە. ئێستا خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتە؛ یەکێتی بەهۆی هاوسەنگیی کورسییەکانەوە (39 بە 39) داوای نیوەی حکومەت دەکات، بەڵام پارتی تاوەکو ئێستا بەو داواکارییە ڕازی نەبووە.

پەیامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی هەردوو حیزب کردووە، کە دابەشبوونی زیاتری ناوخۆیی پێگەی هەرێم لە بەرامبەر بەغداد لاواز دەکات. جەختیش دەکەنەوە کە نابێت ململانێی حیزبی ببێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان و دواکەوتنی چاکسازییە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.