دوای ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران؛ باڵیۆزی تاران لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبووەوە

کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق
کۆبوونەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ئێران، پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران و هەوڵەکانی سەقامگیریی ناوچەکە دوپات کردەوە.

کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی ئێران

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازی لە محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد. لە سەرەتای دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئێران سڵاو و پەیامی سەرۆکی وڵاتەکەی بە زەیدی گەیاند و جەختی لە ئارەزووی تاران بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لەگەڵ بەغداد لە هەموو ئەو دۆسییانەی جێگەی بایەخی هەردوولان کردەوە.

پەرەپێدانی هەماهەنگییە دووقۆڵییەکان

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین هەوڵەکانی هاوکاری و هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران کرا. هەردوولا باسیان لە چۆنێتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کرد، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بپارێزێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئاستی دووقۆڵی هەبێت.

هەڵوێستی عێراق بەرانبەر ڕێککەوتنی تاران و واشنتن

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن کرد. زەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق پاڵپشتی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە دەبنە هۆی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها جەختی لە پێویستیی ڕێگریکردن لە بەردەوامیی ململانێ و هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی کردەوە.