شاندێکی هەرێم بۆ واژۆکردنی کۆنووسی "ئەسیکۆدا" ئەمڕۆ دەچێتە بەغداد

کۆبوونەوەی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی و کابینەکەی
کۆبوونەوەی پێشتری شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی و کابینەکەی

شاندێکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی داڕشتنی ڕەشنووسی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا دەچێتە بەغداد و بڕیارە دوای ڕێککەوتنەکە کۆمپانیاکانی هەرێم سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکان.

گەشتى شاندى هونەرى بۆ بەغداد

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، شاندێکى هونەرى لە هەرێمى کوردستانەوە بەرەو بەغداد بەڕێدەکەوێت. شاندەکە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتى فیدراڵ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕەشنووسى ڕێککەوتنى کۆتایی لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا ئامادە بکەن، کە دواتر لەلایەن شاندى باڵاوە واژۆ دەکرێت.

ئامانجى کۆبوونەوەکان و واژۆکردنى ڕێککەوتن

بەگوێرەى زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەم شاندە هونەرییە لەگەڵ بەرپرسانى دەستەى دەروازە سنوورییەکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆدەبنەوە. ئامانجى سەرەکییان ئامادەکردنى ڕەشنووسى کۆتاییە، تاوەکو لە قۆناغی داهاتوودا شاندى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابوورى کۆببنەوە و کۆنووسى فەرمیی داخڵبوونى هەرێم بۆ ناو سیستمى ئەسیکۆدا واژۆ بکەن.

یەکخستنى پێناسى گومرگى و سوودى کۆمپانیاکان

جگە لە سیستمى ئەسیکۆدا، شاندەکە گفتوگۆ لەسەر یەکخستنى پێناسى گومرگى دەکات. بەپێی ڕێککەوتنەکە، پێویستە دەروازە سنوورییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەیەک سیستم گومرگى کاڵاکان بکەن. لەپاش واژۆکردنى ئەم ڕێککەوتنە، کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان دەچنە ناو سیستمەکەوە و هاوشێوەى ناوچەکانى دیکەى عێراق سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییەکانى.

ناکۆکییەکان لەسەر سیستمى ئەسیکۆدا

جێبەجێکردنى سیستمى ئەسیکۆدا لە هەرێمى کوردستان یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمى کوردستان. ئەم سیستمە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە لە دەروازە سنوورییەکانى حکومەتى فیدراڵ لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ جێبەجێ کراوە و ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەوەن لە هەرێمی کوردستانیش بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.