ئاگادارییەک بۆ جوتیارانی سلێمانی؛ ئەمڕۆ چەکی پارەی گەنم دابەش دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆی سلێمانی جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان، ئەمەش وەک بەشێک لە پارەی گەنمی ساڵی 2025.
ئاگادارینامە بۆ جووتیاران
بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە دەست بە دابەشکردنی بەشی شەشەمی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێت. داوا لەو جووتیارانە دەکات کە بۆ ساڵی 2025 گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سلێمانی کردووە، سەردانی هۆبەی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ناحیەی پیرەمەگروون بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.
دابەشبوونی پارەکە بەسەر پارێزگاکاندا
کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی بەشی شەشەمی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی کوردستان بڕی 41 ملیار و 450 ملیۆن دینارە. لەو بڕە پارەیە، 16 ملیار و 858 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە، هەروەها پشکی پارێزگای هەولێر 13 ملیار و 717 ملیۆن دینار و پشکی پارێزگای دهۆکیش 10 ملیار و 875 ملیۆن دینارە.
بڕی پارەی ڕەوانەکراو لە بەغدادەوە
کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەنمی ساڵی 2025، بڕی 301 ملیار و 507 ملیۆن دینارە. تاوەکو ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی 159 ملیار و 507 ملیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە، هێشتا بڕی 142 ملیار دیناری دیکە ماوە کە حکومەتی فیدراڵ بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت.
17/06/2026