عێراقچی لێکگەیشتنەکەی تاران و واشنتنی خستە بەردەم پەرلەمانتاران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران وردەکاریی ڕێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا دەخاتە بەردەم پەرلەمانتاران و هاوکات یەکەم کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی دوای 2 مانگ لە گەمارۆ، بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕی.

خستنەڕووی ڕێککەوتنەکە بۆ پەرلەمان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانی خستووەتە بەردەم لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران. عێراقچی کورتەیەکی لەبارەی پێشهاتەکانی پڕۆسەی دیپلۆماسی و مەرجەکانی یاداشتنامەکە پێشکەش کردووە، لیژنە پەرلەمانییەکەش پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە بەو پێیەی لە خزمەتی بەرژەوەندیی نەتەوەییدایە.

هەماهەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ عوممان

لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا، عەباس عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەدر بورسەعیدی، هاوتا عوممانییەکەی، ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکگەیشتنیان لەگەڵ واشنتن تاوتوێ کردووە. هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوانیان کردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە.

کۆتاییهاتنی گەمارۆی دەریایی

پێگەی (تانکەر تراکەرز) کە چاودێریی جموجۆڵی دەریایی دەکات ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی 2 مانگ بەسەر گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێراندا، یەکەم کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی بە گەرووی هوورمزدا تێپەڕی. ئەم گۆڕانکارییە دوای لێکگەیشتنەکانی تاران و واشنتن دێت کە بەشێکی تایبەتە بە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان.

هەڕەشەى سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل

لە ڕاگەیێنراوێکی جیاوازدا، بارەگای خاتەمولئەنبیا هەڕەشەی توندی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئیسرائیل دەست هەڵنەگرێت لە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان، ئەوا ئێران بە توندی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە.