شارەوانی و قائیمقامیەتی سلێمانی: ڕێگە بە هیچ جۆرە زیادەڕەوییەک نادەین
سەرۆکایەتیی شارەوانی و قائیمقامیەتی سلێمانی پلانێکی نوێی هاوبەش بۆ بنبڕکردنی دیاردەی زیادەڕەوی لەناو شاردا ڕادەگەیەنن و جەخت لەسەر پاراستنی سیمای شار دەکەنەوە.
ئامادەکردنی پلانی هاوبەش
کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، قائیمقامی سلێمانی و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بنبڕکردنی دیاردەی زیادەڕەوی ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەدا پلانێکی هاوبەشی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە ئامادە کرا کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
پاراستنی سیمای شار و موڵکی گشتی
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە پاراستنی سیمای شار، موڵک و ماڵی گشتی و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکاندایە. ئاماژە بەوە درا کە زیادەڕەوی لەسەر شەقام و شۆستەکان، جگە لە دروستکردنی کێشەی هاتووچۆ و ناڕێکی، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر مافە گشتییەکان هەیە، بۆیە توندوتۆڵکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە پێویست زانرا.
پاراستنی شکۆی کارمەندان
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو پێشێلکاری و بێڕێزییانەی کە ڕووبەڕووی تیمەکانی شارەوانی دەبنەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا. بڕیاردرا توندترین ڕێکاری یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ و سەلامەتیی ئەو کارمەندانەی لە مەیداندا کار دەکەن.
ڕێکخستنی بازاڕ و ئاژەڵە بێلانەکان
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە کەمکردنەوەی ناڕێکییەکانی ناوبازاڕ و شەقامەکان کرا. هەروەها پرسی پەناگەی ئاژەڵی بێلانە و دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێسەرپەرشتەکان لە گەڕەک و کۆڵانەکان تاوتوێ کرا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی کۆی سیمای شارەکە.
17/06/2026