بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری کفری هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە
بەمەبەستی خستنەڕووی گرنگیی مێژوویی و کەلەپووری کفری، هاوتای ئاماژەدان بە ناوی ژمارەیەک لە دیارترین شوێنەوارەکان و ڕێکارەکانی پاراستنیان، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری کفری، هۆشدارییەکی بۆ هاونیشتمانییان بڵاوکردەوە.
"کفری مۆزەخانەیەکی کراوەیە"
لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "کفری تەنیا شوێنی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکو مۆزەخانەیەکی کراوەیە... هەر دیوارێکی کۆن و هەر خشتێک لەم شارەدا، چیرۆکی سەدان ساڵ لە ڕەسەنایەتی، پێکەوەژیان و شارستانییەتی نەتەوەکەمان دەگێڕێتەوە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی بڵاوکراوەکە، دیارترین پێگە شوێنەوارییەکانی کفری، پێکهاتوون لە:
- قەیسەری کۆنی کفری: چەقی بازرگانی و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی و هێمای تەلارسازیی دەگمەنی ناوچەکەیە
- سەرای کۆنی کفری: شایەتحاڵی قۆناغە جیاوازەکانی حوکمڕانی و مێژوویی سیاسی شارەکەیە
- تەپەی قەرەئۆغلان: شوێنی دووەمی کفریە و تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار و 200 ساڵ پێش ئێستا
- گەرماوی پاشا و خانووە کەلەپوورییەکان: ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەوڵەمەندی ڕابردوون

"مەترسییەکان بەردەوامن"
ئاماژە بەوەش دراوە، هێشتا مەترسییەکان لەسەر ئەم شوێنەوارانە و هاوتاکانیان بەردەوامن، کە پاڵنەر بە هۆکارە سرووشتییەکان و دەستتێوەردانی مرۆییەوە، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.

ئاگاداری ئەم خاڵانە بن
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە لەڕێگەی چەند خاڵێکەوە، هاونیشتمانییان هۆشیار دەکاتەوە لە شێواز و ڕێکارەکانی پاراستنی ئەم شوێنەوارانە:
- هۆشیارکردنەوە و فێرکردن: پەروەردەکردنی خێزان و منداڵەکان لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە گرنگی و بەهای باڵای پێگە و شوێنە شوێنەوارییەکان
- تێکنەدان و دوورکەوتنەوە لە شێواندن: بە دەستکاری، ڕوخاندن، نووسین یان پیاداکێشان
- پاراستنی پاکوخاوێنی: ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی پاشماوە و خۆڵ و خاشاک کە زیانی ڕاستەوخۆ بە پێگەکان دەگەیەنن
- ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان: لە کاتی بوونی هەر سەرپێچییەک، هاونیشتمانی ڕاستەوخۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری کفری ئاگادار بکاتەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا