ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پێنجەمین جار لەمساڵدا کۆدەبێتەوە و سێ پرسی گرنگ و پەیوەست بە بژێوی و مافە داراییەکانی هاونیشتمانیان دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.

چارەنووسی گەنمی جووتیاران لە پلانی حکومەتی فیدراڵ

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پلانی ساڵانەی حکومەتی فیدراڵ بۆ کڕینەوەی گەنم و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو گرفتانەی لەم پرۆسەیەدا دروست دەبن.

خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران پرسی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات. ئەم بڕیارە تەنیا ئەو ئەندامانە دەگرێتەوە کە مەرجە یاساییەکانی تایبەت بە تەمەن و ساڵانی خزمەتیان تێدایە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵەی خانەنشینبوونیان بۆ ئەنجام بدرێت.

گۆڕانکاری لە لیستی سوودمەندانی سەبەتەی خۆراک

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکی مانگانە. حکومەت تاوتوێی بڕیارێک دەکات بۆ ڕاگرتنی بەشەخۆراکی ئەو کەسانەی کە داهاتی مانگانەیان بەرزە. ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراک تەنیا ئەو هاونیشتمانیانە بگرێتەوە کە خاوەن داهاتی سنووردارن و پێویستیان بە هاوکاریی حکومەت هەیە.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا