جیا لە سزاکان؛ ئەمریکا و ئێران لەسەر سندوقێکی وەبەرهێنانی 300 ملیار دۆلاری ڕێککەوتن
ئاژانسی ڕۆیتەرز وردەکاریی سندووقێکی دارایی زەبەلاح ئاشکرا دەکات کە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن بۆ بوژانەوەی کەرتی وەبەرهێنان لە ئێران پێکدەهێنرێت.
پێکهێنانی سندووقی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا سندووقێکی تایبەتی بە بڕی 300 ملیار دۆلار تێدایە. ئەم سندووقە کە ناوی "سندووقی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان"ـی لێنراوە، بە ئامانجی ڕاکێشانی کەرتی وەبەرهێنان بۆ ناو ئێران و هاندانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دروست کراوە. لە ئێستاشدا زیاتر لە 150 ملیار دۆلار لە بودجەی ئەو سندووقە ئامادە کراوە.
سەرچاوە داراییەکان و کەرتی وەبەرهێنان
ئەم سندووقە هیچ پەیوەندییەکی بە بودجەی دەوڵەت یان هاوکاریی دارایی حکومییەوە نییە، بەڵکو سەرچاوە داراییەکانی لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەمریکا، وڵاتانی کەنداو، ئاسیا، ئەمریکای باشوور و ئەفریقاوە دابین دەکرێت. ئەو بوارانەی کە بڕیارە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت بریتین لە کەرتەکانی وزە، گواستنەوە، لۆجستی و سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان.
جیاوازیی سندووقەکە لەگەڵ پرسی سزاکان و قەرەبوو
ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە ئاشکرای کردووە، تاران سەرەتا داوای 400 ملیار دۆلاری وەک قەرەبووی زیانەکانی شەڕ کردووە، بەڵام واشنتۆن ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە و پێشنیاری دروستکردنی ئەم سندووقەی کردووە. ئەم بابەتە پرسێکی سەربەخۆیە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە هەڵگرتنی سزاکان یان ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانەوە نییە، هەروەها تەنیا لە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی سندووقەکە بە فەرمی کارا دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا