بلومبێرگ دەقی ڕێککەوتنە 14 خاڵییەکەی ئەمریکا و ئێرانی ئاشکرا کرد
تۆڕی هەواڵی بلومبێرگ دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتۆن و تارانی دزە پێکردووە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا واژۆ بکرێت و نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دادەڕێژێت.
کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕێزگرتن لە سەروەری
بەگوێرەی دەقی یاداشتنامە 14 خاڵییەکە، ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان پابەند دەبن بە ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگ لە سەرجەم بەرەکان، بە بەرەی لوبنانیشەوە. هەردوولا بەڵێن دەدەن خۆیان لە هەر کارێکی دوژمنکارانە و بەکارهێنانی هێز دژی یەکتر بپارێزن و ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکتر بگرن، بەبێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی. هەروەها وادەی 60 ڕۆژ دیاریکراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی و کشانەوەی هێزەکان
لە بڕگەیەکی دیکەی یاداشتەکەدا هاتووە، ئەمریکا لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت و هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ ئاستی پێش جەنگ دەگەڕێنێتەوە. لە بەرامبەردا ئێران هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی بازرگانی لە کەنداوی فارس و کەنداوی عومان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین. هەروەها واشنتۆن پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەر لە ماوەی 30 ڕۆژ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی.
سندوقی ئاوەدانکردنەوە و هەڵگرتنی سزاکان
یاداشتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا بە هاوکاری هاوبەشەکانی، پلانێکی گشتگیر بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابووری ئێران دادەڕێژێت کە گەرەنتی دارایی لانیکەم 300 ملیار دۆلاری تێدایە. هاوکات ئەمریکا پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە سزاکانی سەر ئێران، لەوانەش سزا تاکلایەنەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئەمەش بەپێی خشتەیەکی کاتی کە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا دیاری دەکرێت.
چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکە و پاراستنی دۆخی ئێستا
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ئێران دووپاتی کردووەتەوە کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پاراستنی "ستاتۆ" یان دۆخی ئێستا؛ بە جۆرێک ئێران ئاستی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد ناکات. چارەنووسی ماددە پیتێنراوەکان و وردەکارییە تەکنیکییەکانی دیکە بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی جێهێڵدراون.
ناوەڕۆکی یاداشتی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران
کۆتاییپێهێنانی جەنگ بە یەکجاری لەسەرجەم بەرەکان بە لوبنانیشەوە
ڕێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکدی
ڕێککەوتنی کۆتایی لە 60 ڕۆژدا و دەکرێت وادەکە درێژبکرێتەوە
هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
کردنەوەی گەرووی هوورمز لە 30 ڕۆژدا
نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران
هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران قۆناغ بە قۆناغ
ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت
تاوەکو ڕێککەوتن بەرنامە ئەتۆمییەکە وەک ئێستا دەمێنێتەوە
بەخشینی نەوت و خزمەتگوزارییەکانی وەک بانک و گواستنەوەی ئێران لە سزاکان
ئازادکردنی پارە و سامانی بلۆککراوی ئێران
دیاریکردنی چارەنووسی یۆرانیۆم و بەرنامە ئەتۆمییەکە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا
دوای جێبەجێکردنی بەشێک لە خاڵەکان دانوستانی کۆتایی دەستپێدەکات
ڕێککەوتنی کۆتایی دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
3 کاتژمێر پێش ئێستا