ڕوانگەی سەوزی عێراق: زیاتر لە 55%ی ڕووبەری عێراق لەژێر هەڕەشەی بەبیابانبووندایە

لۆگۆی ڕوانگەی سەوزی عێراق
لۆگۆی ڕوانگەی سەوزی عێراق

ڕوانگەی سەوزی عێراق هۆشداریی لە گەیشتنی قەیرانی ژینگەیی بە ئاستێکی بێپێشینە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم دۆخە لە مەودای دووردا ڕەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵات دەبێت.

مەترسی لەسەر نیوەی زیاتری خاکی عێراق

بەگوێرەی نوێترین داتاکانی دەزگای ناوەندیی ئامار و ڕاپۆرتە ژینگەییەکان، ڕووبەری ئەو زەوییانەی لە عێراقدا مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە گەیشتووەتە نزیکەی 96.5 ملیۆن دۆنم، کە دەکاتە 55.5%ی کۆی ڕووبەری وڵات. لەو ڕێژەیەش، 40.4 ملیۆن دۆنم بەکردەوە بوونەتە بیابان، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2021 بە ڕێژەی 48.5% زیادبوونی تۆمار کردووە.

لەدەستدانی ساڵانەی 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی

عێراق ساڵانە بەهۆی سوێربوونی خاک، خزانی بیابان و تێکچوونی بەپیتیی زەوی، نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەست دەدات. ئەم پاشەکشەیە بووەتە هۆی کۆچی هەزاران خێزانی گوندنشین و جوتیار لە ناوچەکانی خۆیانەوە بەرەو سەنتەری شارەکان، دوای ئەوەی سەرچاوەی بژێوییان لەدەستداوە.

زیانەکانی باشوور و ناوچەی زۆنگاوەکان

پارێزگاکانی زیقار، میسان، بەسڕە و دیوانییە لە پێشەنگی ئەو ناوچانەن کە زۆرترین کاریگەریی بەبیابانبوون و وشکەساڵییان لەسەرە. هاوکات ناوچەکانی زۆنگاوەکان بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەوە لە بارودۆخێکی مەترسیداردان، ئەمەش بووەتە هۆی مرداربوونەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە ماسی و سامانی ئاژەڵی.

هۆشداری لە زیادبوونی ڕۆژە خۆڵاوییەکان

ڕوانگەی سەوزی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوامبوونی تێکچوونی ژینگە و نەبوونی چارەسەری ڕیشەیی، ژمارەی ڕۆژەکانی خۆڵبارین لە ساڵدا زیاد دەکات. بەپێی خەمڵاندنە ژینگەییەکان، ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە ژمارەی ڕۆژە خۆڵاوییەکان لە عێراقدا بگاتە نزیکەی 200 ڕۆژ لە ساڵێکدا.