جەی دی ڤانس: ئەگەر ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئابووری جیهان
جێگری سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێ لەبارەی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراوی نێوان واشنتۆن و تاران ئاشکرا دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پابەندبوونی ئێران مەرجی سەرەکییە بۆ هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوەی وەبەرهێنەران بۆ ئەو وڵاتە.
ئامانجی ترەمپ و پرسی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ڕادیۆیی سیرۆس XM ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هەرگیز نەیگوتووە ئامانجی کارەکانی گەیاندنی ڕەزا پەهلەوییە بە دەسەڵات. ڤانس ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ تەنیا باسی لەوە کردووە کە ڕاپەڕینی گەلی ئێران بەرامبەر حکومەتەکەیان شتێکی باشە، بەڵام ئامانجی سەرەکیی سەرۆک تەنیا دڵنیابوونەوە بووە لە وەستاندنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، چ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بێت یان جەنگ.
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهانی
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هیچ سوودێکی دارایی و بە هیچ ناونیشانێک لەلایەن ئەمریکاوە بە ئێران ناگات. بەڵام ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر تاران پابەندی هەموو بەندەکانی ڕێککەوتنەکە بێت، واشنتۆن کارئاسانی دەکات بۆ هەڵگرتنی سزاکان و گەڕانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانی، ئەمەش ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ ناو گۆڕەپانی ئابووریی جیهانی.
ئاشکراکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی
بڕیار وایە ڕۆژی هەینی جەی دی ڤانس لە سویسرا ڕێککەوتننامەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران واژۆ بکات. ڤانس ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا و ڕەنگە تا ئێوارەی ئەمڕۆ، تەواوی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەنەوە تا هەمووان لە ناوەڕۆکەکەی ئاگادار بن.
دەستپێکردنەوەی فرۆشتنی نەوت و کاراکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردووەتەوە، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکاندا، ئەمریکا ڕێگە بە ئێران دەدات دەستبەجێ دەست بە فرۆشتنی نەوتەکەی بکاتەوە. ئەم بڕیارە خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی وەک بانک، گواستنەوە و بیمە دەگرێتەوە کە پێشتر بەهۆی سزاکانەوە ڕاوەستابوون و ئێستا بۆ کارئاسانیی فرۆشی سووتەمەنی ئێران دەکەونەوە گەڕ.
2 کاتژمێر پێش ئێستا