ئەحمەد حاجی ڕەشید: بەڵێن دراوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی 2027 جێگیر بکرێت

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئەحمەد حاجی ڕەشید دەڵێت، بەڵێن دراوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی 2017 جێگیر بکرێت
ئەحمەد حاجی ڕەشید دەڵێت، بەڵێن دراوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی 2017 جێگیر بکرێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی شایستەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە قۆناغێکی جیددی.

بەڵێنی وەزیری دارایی عێراق بۆ بودجەی 2027

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە سەردانێکیاندا بۆ لای فالیح ساری، وەزیری دارایی عێراق، داوایان کردووە بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2016ـەوە بە نایاسایی ڕاگیراوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 جێگیر بکرێت. بە گوتەی ناوبراو، وەزیری دارایی بەڵێنیداوە تەرخانی دارایی پێویست بۆ ئەم مەبەستە لە بودجەکەدا دابین بکات و داکۆکی لە جێگیرکردنی ئەو بڕگەیە دەکەن.

داواکاری بۆ ناردنی شاندی هەرێم بۆ بەغداد

ئەم پەرلەمانتارە جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەلە شاندێک بنێرێتە بەغداد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی دارایی عێراق، تاوەکو ئەو داواکارییانە وەک بەشێک لە پێداویستییەکانی هەرێم لە بودجەی 2017 جێگیر بکرێن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر حکومەتی هەرێم بۆ ئەم بابەتە شاند نەنێرێت، بەرپرسیارێتیی هەر کەمتەرخەمییەک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەرپرسیار نابن.

پاشخانی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران

پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و بە ڕەچاوکردنی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت بەڕێوەدەچێت، لە ساڵی 2016ـەوە ڕاگیراوە. لە ئێستادا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسای بودجەی فیدراڵییەوە کۆتایی بەو ڕاگرتنە بهێنرێت و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا