تورەج ئەسڵانی لە دیارترین دەرهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە

حەسەن فەلاح 3 کاتژمێر پێش ئێستا

تورەج ئەسڵانی ساڵی 1973 لە شاری سەنقوری سەر بە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە، دەرچووی بەشی گرافیک و دەرهێنانی سینەماییە لە زانکۆی سوورە لە تاران.

لە 10 ساڵییەوە کاری وێنەگری دەکات

ئەم دەرهێنەرە دیارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە، دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردووە، لە پاش چوار ساڵ لە کاری فۆتۆگرافی، بە کامێرای هەشت میلیمەتری، دەستی بە کاری وێنەگرتنی کورتەفیلم کردووە؛ ساڵی 1990، لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی سینەمای لاوانی شاری کرماشان، دەستی داوەتە کاری دەرهێنەری.

گەنجترین بەڕێوبەری وێنەگرتنی سینەمای ئێران بووە

ساڵی 2000، تورەج ئەسڵانی بە وێنەگرتنی فیلمی سینەمایی "خواب سفید/خەونی سپی"، لە دەرهێنانی حەمید جیبیلی و بەرهەمهێنانی مەجید مودەریس، وەکو گەنجترین بەڕێوبەری وێنەگرتنی سینەمای ئێران ناسێنراوە، تاوەکو ئێستا بەنزیکەی لە 30 فیلمی ئێران و هەرێمی کوردستاندا بەشدار بووە و کاری وێنەگرتنی بۆ کردوون.

چەندین خەڵاتی گەورەی بردووەتەوە

لەمیانی بەڕێوەچوونی 60ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سێباستیان لە ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگری بەدەستهێناوە بۆ فیلمی وەرزی کەرکەدەن، هاوکات بەردەوام بووە لە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی بۆقی زێڕینی پۆڵۆنیا بۆ ساڵی 2012.

دیارترین کارەکانی وەکو دەرهێنەر: بێ نیشتمان و حەماڵی زێڕ، کارەکانیشی وەکو وێنەگر: وەرزی کەرکەدەن، 14ی تەممووز، کەس لە پشیلە ئێرانییەکان هەواڵی نییە، پەڕینەوە لە تەپوتۆز، مالیخولیا و بوغز واتە کوڵی گریان.

حەسەن فەلاح

3 کاتژمێر پێش ئێستا