ئاسۆس عەلی: فشارەکانی بەغداد بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا زیاد دەکەن
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی ستراتیژ و پەککەوتنی دامەزراوە نیشتمانییەکان هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە کردووەتەوە.
بێ بەرنامەیی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بەغداد
ئاسۆس عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بڕیارە سیاسییەکان لە هەرێم بەبێ هاوبەشیی لایەنەکان گەڵاڵە دەکرێن و ئەم بارودۆخە ناهەموارەی ئێستاش دەرئەنجامی ئەو هەڵسوکەوتە نەخوازراوانەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە ڕابردوودا دەرفەتی زۆر هەبووە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام شاندی هەرێم تەنیا کاتێک مەترسییەکیان لەسەر بێت دەچنە بەغداد، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ بەرنامە و ستراتیژێکی جێگیر نییە.
پەککەوتنی پەرلەمان و پێویستیی حکومەتێکی بەهێز
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە کە کۆنەبوونەوەی پەرلەمان و کارانەکردنەوەی، "لەکەیەکی گەورەیە" بەسەر تەوێڵی کوردستانەوە و داوای کرد پارتی و یەکێتی بگەنە تێگەیشتن. ڕاشیگەیاند، ئەجێندای یەکێتی دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزە، کە ئەوەش بە کرانەوەی عەقڵی سیاسی دەبێت نەک بە عینادی. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامی ڕوون بووە و دەستی بۆ پارتی درێژ کردووە لەبەر بەرژەوەندی گشتی، هاوکات هۆشداری دا کە کۆمەڵێک پەیامی نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە هەرێم و پێویستە لەبەرژەوەندی خەڵک گوێیان لێ بگیرێت.
چارەسەری ڕیشەیی بۆ مووچە و داهاتی ناوخۆ
سەبارەت بە پرسی 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆ و کێشەی مووچە، ئاسۆس عەلی باسی لەوە کرد کە ناکرێت هەولێر و بەغداد لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنەوە پەیام بۆ یەک بنێرن. وتیشی، پێویستە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی بکرێت و چیتر گرەو لەسەر شکستخواردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق یان ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی دیکە نەکرێت. جەختی کردەوە کە دەبێت لەبەر بەرژەوەندی مووچەخۆران چاوپۆشی لە هەندێک بەرژەوەندی حیزبی بکرێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر ببن.
سیستمی ئەسیکۆدا و ڕێگری لە قاچاخچێتی
لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەخنەی لە دواکەوتوویی سیستمی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم گرت و ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم نایەوێت سیستمی "ئەسیکۆدا" جێبەجێ بکات، چونکە ئەو سیستمە زانستییە مەجالی دزەکردنی قاچاخچییەکان ناهێڵێت و داهاتەکان بە ڕوونی کۆدەکاتەوە. بە بڕوای ئەو، جێبەجێنەکردنی ئەم سیستمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەیانەوێت داهاتەکە بۆ شوێنی دیکە بڕوات نەک بۆ خزمەتی خەڵک.
قایمکردنی پێگەی هەرێم لە بەغداد
ئاسۆس عەلی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق هەڵچوون و داچوونی تێدایە، بەڵام چونکە عێراق دەوڵەتە، ئاسانتر دەتوانێت حکومەتی نوێ پێکبهێنێت. بۆیە بە پێویستی زانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لە ناو بەغداد قایم بکات و چیتر بەهانە نەداتە دەست حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی بەو جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێم بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا